کانونی دوھەم 16, 2025 19:46 Asia/Tehran
  • واژۆی بەڵگەگەلی هاوکاری لە نێوان سەرۆککۆمارانی ئێران و تاجیکستان

پاش پێشوازیی فەرمی ئەمامعەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستان لە مەسعود پزشکییان هاوشانی ئێرانی خۆی لە شاری دووشەممە ،بیست و سێ بەڵگەی هاوکاری لە نێوان بەرپرسانی دوو وڵات واژوو کرا.

مەسعوود پزشکیان نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە کاتی خۆجێی لە پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵی ئیمامعەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستان بە سپاس لە میواندارێتی گەرم و گوڕی، ئەم وڵاتە وتی: تاجیکستان یەکێک لە هاوپەیمانە هاوبەشە سراتیژیکەکانی ئێمە لە ناوچەکەیە و پەیوەندی دراوسێتی قوڵ لە نێوان ئێمەدا هەیە و لە ساڵانی ئەم دواییەدا هەنگاوی بەرچاو هەڵگیراوە لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری هاریکارییەکانی دوو وڵات ناوبراو بە ئاماژە بە واژۆکرانی بیست و سێ بەڵگە لە بواری جۆربەجۆر لەوان تەندروستی ئاژەڵ، ڕاژەکاری گومرگی، هاوکاریی پۆلیسی ئاسایشی دوو وڵات، سیستمەکانی ئێلکترۆنیکی، هاوکاریی هونەری، تەکنۆلۆژیای زانیاری، نوێکردنەوەی ڤیزە، بەیاننامەی هاوبەش و پەیمانی جۆربەجۆر لە نێوان کاربەدەستانی دوو وڵات وتیشی هیوادارین بە جێبەجێکرانی ئەم بەڵگە و ڕێککەوتنانە هەنگاوگەلێکی جدی و لێبڕاوانە ببینین کە لە پێناو هاوکارییەکانی دووڵات و گەیشتنی خێرا بە خاڵی دڵخوازی دوو لایەن ڕوو بدات.

پزیشکیان بە ئاماژە بەوەی کە بەستێنی پێویست هەیە بۆ دەرباز بوون لە سنووری نیو ملیار دۆلاری بازرگانی لە دوو وڵاتدا وتیشی: دوو وڵات خاوەنی توانا و پوتانسییەلێکی بەرفراوانن بۆ دابینکردنی بەشێکی گرینگ لە شتومەک و کەلوپەلی پێویستی یەکتر، هەر بۆیە بە شێوەی هاوبەش پێداگری دەکەین لە سەر هاوکاریی ستراتیژیکمان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بە تایبەت گۆڕەپانی ئابووری و بازرگانی.  ئیمامعەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستانیش لە پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران وتی": دانوستانی نێوان ئێران و تاجیکستان هەر وەک جاران لە کەشێکی دۆستانەی پڕ لە تەبایی، پڕ لە متمانە و ڕێزی بەرامبەر بەردەوامە.

یەکێک لەو بابەتانەی خرایە بەر باس و لێکدانەوە، هاوکاریی دوو لایەنە لە نێوان دوو وڵات بوو. ناوبراو جەختیشی کرد: دڵنیاین کە ڕێککەوتننامەکانی نێوان دوو وڵات کاریگەری بەرچاویان دەبێ لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکان و تاجیکستانیش پێشوازی و داکۆکی دەکات لە پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان پەرلەمانەکانی دوو وڵاتی ئێران و تاجیکستان.

مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادە بوون لە زانکۆی زانستە پزیشکێککانی ئەبوو عەلی سینای تاجیکستان سەردانی پێشانگای دەستکەوت و کەرەستە پزیشکییەکانی ئەم زانکۆیەشی کرد. مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کە ئێوارەی چوارشەممە بە مەبەستی سەفەرێکی فەرمی دووو ڕۆژە هاوڕێ لەگەڵ شاندێکی باڵا گەیشتبووە تاجیکستان، ئەمڕۆ لە کۆشکی مللەتی تاجیکستاندا لە شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە لایەن ئیمامعەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستانەوە پێشوازی لێکرا.

سەرپەیڤ