ڕێبەری شۆڕش: سەرکەوتنی خەڵکی غەززە، سەرکەوتن بە سەر ئەمریکا بوو
سەرۆک و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دیداریان کرد.
لە دەستپێکی ئەم دیدارەدا جەنابی محمد ئیسماعیل دەرویش سەرۆکی دەستەی سەرۆکایەتیی حەماس بە پیرۆزبای کردنی سەرکەوتنی گەورەی خۆڕاگریی لە غەززە ڕوو لە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی وتی: ئێمە هاوکات بۆنی ڕۆژانی سەرکەوتنی خۆڕاگریی غەززە لەگەڵ ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە نیشانەیەکی هیوابەخش دەزانین و هیوادارین کە ئەم هاکات بوونە بەستێن خۆشکەر بێ بۆ ڕۆزگاریی قودس و مزگەوتی ئەقسا.
خەلیل لەحییە جێگری سەرۆکی مە کتێب سیاسیی حەماسیش لە دەستپێکی ئەم دیدارەدا بە پیرۆزبایی کردنی سەرکەوتنی خۆڕاگریی غەززە ڕوو لە ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی وتی: ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا هاتووین بۆ دیداری جەنابت کە هەموو سەربەرزین و ئەم سەرکەوتنە گەورەیە سەرکەوتنی هاوبەشی ئێمە و کۆماری ئیسلامییە.
مەقامی مەزنی ڕێبەری لەم دیدارەدا بە ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی غەززە و فەرماندەرانی شەهید بە تایبەت شەهید ئیسماعیل هەنییە ڕوو لە ڕێبەرانی حەماس فەرمووی: خوای تاکانە سەرکەوتن و سەربەرزی بەخشی بە ئێوە و خەڵکی غەززە و غەززەی کرد بە نمونەی ئەو ئایەتە شەریفەی کە دەفەرمێ: ڕەنگە گرووپێکی بچووک بە هۆی یارمەتی خوای گەورە و بە ئیزنی کردگار زاڵ بن بە سەر گرووپێکی زۆر و بەهێزدا.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی لە درێژەدا جەختی کرد: ئێوە سەرکەوتن بە سەر ڕژێمی زایۆنی و لە ڕاستیدا بە سەر ئەمریکادا و بە لوتفی کردگار نەتانهێشت ئەوان بگەنە هیچکام لە ئامانجەکانیان. حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی بە ئاماژە بەو ئێش و ئازارانەی کە خەڵکی غەززە لە ماوەی یەک ساڵ و نیو خۆڕاگریدا تەحەمولیان کرد، وتیشی: دەستکەوتی هەموو ئەو ئێش و ئازارانە لە ئاکامدا سەرکەوتنی حەق و ڕاستی بە سەر باتڵ و ناحەق بوو و خەڵکی غەززە بوون بە سەرچەشنێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بە دڵ و گیان هۆگر و پشتیوانی خۆڕاگرین.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی لەم دیدارەدا بە ڕێزگرتن لە دانوستانکارانی حەمماس دەسکەوتی ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەیانی بە گەورە لە قەڵمدا و فەرمووی: ئەمڕۆ ئەرکی هەموو جیهانی ئیسلام و هەموو پشتیوانانی خۆڕاگری یارمەتیدانی خەڵکی غەززەیە بۆ کەم کردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان.
حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی پلانداڕشتن بۆ کاروباری کولتووری و بەردەوامکردنی ڕێگا و ڕێبازی هەنووکەی لە بواری تەبلیغات و پڕوپاگاندا لە تەنیشت کاروباری سەربازی و ئاوەدانکردنەوە غەززەی بە گەلێک پێویست زانی و فەرمووی: هێزەکانی خۆڕاگری و حەماس لە بواری پروباگاندا و میدیادا کارنامەیەکی زۆر جوان و درەوشاوەیان هەبوو و ئەو ڕێگە و شێوازە دەبێ هەروا بەردەوام بکرێ.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، ئیمانی بە هۆکاری سەرەکی و چەکی نایەکسانی بەرەی خۆڕاگری بەرامبەر بە دوژمنان زانی و وتی: بە هۆی هەر ئەم ئیمانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی خۆڕاگری بەرامبەر بە دوژمنان هەست بە لاوازی ناکەن.
مەقامی مەزنی ڕێبەری بە ئاماژە بە هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێران جەختی کرد: ئەم چەشنە هەڕەشەو گوڕەشانە هیچ کاریگەرییەک دانانێتە سەر بیر و زەینی گەل و بەرپرسانی ئێمە و هەروەها چالاکان و هەڵسوڕاوانی وڵات و لاوانیشمان.ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی فەرمووی: مەسەلەی فەلەستین بۆ ئێمە مەسەلەیەکی سەرەکی و سەرکەوتنی فەلەستینیش بۆ ئێمە مەسەلەیەکی ڕوونو حاشاهەڵنەگرە.
حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە لە ئاکامدا سەرکەوتنی یەکجاری هەر بۆ خەڵکی فەلەستین دەبێ، ڕاشیگەیاند: ڕووداو و هەوراز و نەشێوەکان نابێ ببێتە هۆی شک و گومان، بەڵکوو دەبێ هیوادار بین بە توانا و هێزی ئیمان و ئومێد بچینە پێشەوە و هیوادار بین بە یارمەتییەکانی خۆی گەورە.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی لە کۆتاییدا ڕوو لە ڕێبەڕانی حەماس فەرمووی: بە لوتفی کردگار ئەو ڕۆژە دێت کە هەموو ئێوە بە سەربەرزیی تەواو کێشەی قودستان بۆ جیهانی ئیسلام چارەسەر کردووە و ئەو ڕۆژە بێگومان دێت.