وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران : وتەکانی فیدان نابنیاتنەر بوو
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران لە کاردانەوە بە لێدوانەکەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەو وتانەی بە نابنیاتنەر زانی
ئیسماعیل بەقایی لە پرێس کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا، لە وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە سیاسەتی ناوچەیی ئێران وتی: ئێمە بایخێکی زۆر بەرز بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ تورکیە دادەنێین. بەداخەوە لێدوانە دووبارەبووەکانی ئەم دواییەی هێندێک لە بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە زۆر نا بنیاتنەر بوون. دۆستانی ئێمە لە تورکیە پێویستیان بەوەیە زیاتر بیر لە فراوانبوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە سووریا بکەنەوە. بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی ئێمە لەسەر سوریا ئەوەیە کە دەبێت یەکپارچەیی خاک و سەروەری نەتەوەیی سوریا بپارێزرێت و نابێت ئەم وڵاتە ببێتە مەیدان و شوێنی چالاکیی گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان.