گرینگایەتی سەفەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ چین
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ (چوارشەممە) بەمەبەستی دیدار و ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی چین گەیشتە پەکین و لەگەڵ هاوتا چینییەکەی وتووێژ ی کرد.
هاوکات لەگەڵ گەیشتنی سەید عەباس عێراقچی بۆ پیکەن لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی چین و موحسین بەختیار باڵیۆزی ئێران لەو وڵاتە پێشوازی لێکرا و وتی لەم سەفەرەدا هەڵگری نامە و پەیامی مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ شی جینگ پینگ هاوتا چینییەکەی .
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە کە ئێران و چین خاوەنی تێڕوانینێکی هاوبەشن لە زۆر بابەتی نێودەوڵەتیدا وبە پشت بەستن بە متمانە و ڕێزگرتنی یەکتر، هەنگاوی جددی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی دوو نەتەوە دەگرنەبەر.
گۆئو جیاکۆن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش هەروەها وتی: سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ چین گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە گرنگانەی کە سەرۆکەکانی دوو وڵات گەیشتوونەتە ئەنجام و هەروەها قووڵکردنەوەی متمانەی سیاسیی یەکتری نێوان هەردوولا.
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وتی: لە دیدارێکی درێژخایەندا لەگەڵ بەڕێز وانگ یی، هەموو پرسە دووقۆڵی و نێودەوڵەتییەکانمان تاوتوێ کرد، بەتایبەتی پرسی ئەتۆمی ئێران و ئەو دانوستانانەی کە لە ئارادایە. ناوبراو ڕایگەیاند کە چین وەک وڵاتێکی دۆست ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و ئەرێنی لە دانوستانەکانی پێشوودا بینیوە. وتیشی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆماندا باس لە جۆری هاریکاریی داهاتووی نێوان هەردوو وڵات کرا. هەر لەم سەفەرەدا عەراقچی لەگەڵ دینگ شوێشیانگ، جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی چین کۆبووەوە و قسەی کرد.
هەر لەم دیدارەدا، دوایین دۆخی هاوکاری لە چوارچێوەی هاوبەشی ستراتژیکی هەمەلایەنەی ئێران و چینیش تاوتوێ کرا و هەردوولا سەبارەت بە ڕێگاکانی خێراترکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەمەلایەنەی هاوکاریی ٢٥ ساڵەی بیروڕایان گۆڕییەوە