May 20, 2025 18:45 Asia/Tehran
  • سێهەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لە سنە

سێهەمین کۆبوونەوەی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کرماشان بەڕێوە چوو.

شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بریتی لە چوار پارێزگاری پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی ئەم چوار پارێزگایە و ژمارێک لە بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە سنە.

کۆبوونەوەییەک بە ناوی کۆبوونەوەی سنە بە بەشداری پارێزگارانی پارێزگاکانی هاوسنووری ئێران و هەرێم بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا لیژنەگەلێکی ئابووریش لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداریان کردبوو. تەوەرەی ئەم کۆبوونەوەیە هاریکاریی ئابووریی هاوبەش لە نێوان دوو لایەنە. لەم نێوانەدا ئومێد خۆشناو وەک نوێنەری پارێزگارەکانی هەرێم وتی: هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوام لە دووی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانە لە بەشی جۆربەجۆری ئابووری، سیاسی، کلتوری و کۆمەڵایەتیدا. ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان بۆ ئێمە دەرخستووە  کە ئەم کۆبوونەوانە بوونەتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایەن و ئەنجام و دەستکەوتی باشیان هەبووە.

فەرامەرز ئەسەدی کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەم کۆبوونەوەیەدا پێوەندییەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی لە باشترین ئاستی مێژووییدا وەسف کرد و وتی: ئەمڕۆ هەلێکی زێڕین ڕەخساوە بۆ پەرەپێدرانی هاوکارییەکان لە هەموو بوارێکدا، لە ئابوورییەوە تا کلتووری، ئاکادمیک، گەشتیاری و ژێرخانەکان.

سەرپەیڤ