لاریجانی: ئێمە نەیاری هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە نین
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتی: ڕێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق لە ڕاستیدا بنەمای ئاسایشێکی بەردەوامە بۆ هەردوو وڵات.
عەلی لاریجانی بە ئاماژە بە پێشنیارەکەی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان ئێران و وڵاتانی پەراوێزی کەنداوی فارس وتی: ئێمە دژی فراوانکردنی هاوکاریی ئەمنیی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە نین. لاریجانی هەروەها سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق وتی: ئێران و عێراق لە ڕووی جۆراوجۆرەوە لێکچوون و نێزیکبوون لە بەینیاندایە. بۆیە پێویستە زۆرترین پلاتفۆرمی هاوکاری لە نێوان هەردوو وڵات لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دابین بکەین کە بەردی بنچینەیشی دامەزراندنی ئاسایشێکی بەردەوامە لە نێوان وڵاتەکاندا. سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند: ئیرادەیەک لە لایەنی عێراقەوە هەیە بۆ ڕێزگرتن لە ئاسایشی پاوەجێی ئێران، ئێمەش وەک ئەوانین و ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ئەم پرسە ڕێگە دەدات بە هاوکارییەکانمان لەگەڵ عێراق لە کەرتە جیاجیاکاندا بۆ ئەوەی پێشکەوتنی باش بەدەستبهێنین.