کانونی یه‌که‌م 03, 2025 22:10 Asia/Tehran

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە فەزیلەتەکانی حەزرەتی فاتیمە(س) لەبواری جیاجیای دینداری، سیاسی، هاوژینیی و پەروەردەکردنی منداڵ، فەرمووی: ئەمڕۆکە ژنانی ئێرانی ئەو خاتوونە بەڕێزە کە سەرچەشنی هەموو ژنانی جیهانە، بە مۆدێل و سەرچەشنی ژیانی خۆیانی دادەنێن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕش سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەدیداری هەزاران کەس لە ژنان و کچانی ئێران، فەرمووی : شرۆڤەی قورئان سەبارەت بە ماک و شووناس و کەسایەتیی ژن، بەرزترین و پێشکەوتووترین شرۆڤەو لێکدانەوەیە. ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە مکوڕبوونی رۆژاوا لەسەر بڵاوکردنەوەی کەلتوری هەڵەی خۆی بەناو جیهاندا، وتی: ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سنوورە دیاریکراوەکانی وەک حیجاب بۆ ئافرەتان، ڕێگرە لەبەردەم گەشەو پێشکەوتنی ئەواندا، بەڵام ئێران ئەو لۆژیکە هەڵەی بەتاڵ کردەوەو سەلماندی کە ژنی موسڵمان و پێبەندو بەپەرۆش لەحاند باڵاپۆشیدا دەتوانێ لەهەموو بوارەکاندا، زیاتر لە کەسانی دیکە، چالاک بێ و دەور ببینێ. بەڕێزیان هاوپێوەند بەو دەورگێڕانە گرینگە، پێکهێنانی خێزانی لە گرینگترین ئەرکەکان ناوبردو فەرمووی: بەپێچەوانەی لەبیرکرانی ناوەندی خێزان لە کەلتوری هەڵەی ڕۆژاوا، لە ئیسلامدا بۆ "ژن، پیاو و منداڵان" وەک فەکتەرەکانی پێکهێنەری خێزان، مافی یەکسان و دیاریکراو لەبەرچاو گیراوە. ڕێبەری شۆڕش لەبارەی دژبەیەکبوونی روانگەی سەرمایەداریی و ئیسلام بەرامبەر ژن، گوتی: ژن لەئیسلامدا، سەربەخۆ و خاوەن توانا و شووناسەو بواری پێویستی بۆ پێشکەوتن ڕەخساوە بەڵام ڕوانگەی سەرمایەداریی، پەیڕەویی کردن و توانەوەی ماک و شووناسی ژن لە پیاوداو لەبەرچاو نەگیرانی نەجابەت و حورمەتی ژنەو ژن بە ئامرازێکی ماددی بۆ رابواردن و حەز و خۆشگوزەرانی دەزانێ کە گرووپە تاوانکارەکان کە ئەم دواییە لە ئەمریکا هەرای زۆریان ناوەتەوە، دەرهاوێشتەی ئەو جۆرە نیگاو ڕوانینەیە. حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها فەرمووی: مافێکی گرینگ و مەزنی دیکەی ژن لە ماڵدا، "رەت کردنەوەی هەرچەشنە توندوتیژیی دژی ئەو" و خۆبواردنی بەتەواوەتی لە لاڕێی و گومڕابوونە باوەکان لە رۆژاوا وەک کوشتن و یان لێدانی ژنان بەدەست پیاوان و هاوسەرانیانە.  

سەرپەیڤ