وەزیری دەرەوەی ئێران : ئەمریکا و ئوروپا دەبێ دڵنیامان بکەنەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد ؛ ئەمریکا و ئوروپا دەبێ متمانەی تاران بە دەس بێنن .
سەید عەباس عێراقچی لە وتووێژیکدا لەگەڵ میدیایەکی ژاپۆنی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئێران چۆن دەیەوێت متمانە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگەڕێنێتەوە، وتی: ئەوە ئەمریکا و ئەوروپییەکان و ئەوانی دیکەن کە دەبێت دڵنیامان بکەنەوە کە دەتوانین بە بێ بۆردومان و پەلامار لە مافی خۆمان بۆ کەڵک وەرگرتنی ئاشتیانە لە تەکنولوژیای ئەتۆمی بەهرەمەندبین. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە: کەواتە ئەگەر ئەوان دەیانەوێت بگەڕێینەوە بۆ دیپلۆماسی و هاوکاری لەگەڵ ئاژانس، ئەوە ئەوانن کە دەبێت متمانەمان بەدەست بهێنن. سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکاش وتی: ئەمە پەیوەستە بە ئەمریکاوە. ئەگەر ئەوان هەڵوێست و ڕێبازەکەیان بگۆڕن و ئامادەبن بۆ دانوستانێکی دادگەرانە و هاوسەنگ، واتە دانوستانێک کە دوو لایەن قازانجی هاوبەشیان هەبێت ، ئێمەش ئامادەین. عێراقچی وتی: چوارچێوەیەکی قبوڵکراو بۆ دانوستانەکان بریتییە لە؛ چوارچێوەیەک کە مافی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانەی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی، لەوانەش پیتاندن بە فەرمی بناسێنێت .