لەقاودرانی جەنایەتەکانی پژاک دژ بە منداڵان
چاودێڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران لاپەڕەیەکی تری هەڵداوەتەوە لە دۆسییەی ئەسرین محەممەدی ناسراو بە سونیا، یەکێک لەو منداڵە قوربانیانەی کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی پژاکەوە چەکدارکراون، دۆسییەیەک کە نەک هەر ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو نموونەیەکە لە پێشلکارییەکی سیستماتیک و پلانبۆدارێژراوی مافی منداڵان لە لایەن ئەم گرووپەوە.
ئەسرین محەممەدی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا، بەبێ ڕەزامەندیی خۆی و بنەماڵەکەی، لەلایەن کەسانی سەر بە پژاکەوە لە ماڵی باوکی ڕفێندرا و گوێزرایەوە بۆ کەمپەکانی ئەم گروپە لە ناوچەی قەندیل. لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران دەریخستووە کە گێڕانەوەی فەرمیی پژاک سەبارەت بەوەی کە ئەم کچە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، ساختە بووە و ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەم منداڵە لەژێر فشارێکی دەروونیی قورسدا بووە لەبەر بێڕیزیپێکران، هەڕەشە و گوڕەشە و هەروەها پێشگری بە گەڕانەوەی بۆ لای بنەماڵەکەی، هەربۆیە خۆی کوشتووە. بەپێی شایەتیدانی ئەندامێکی ڕزگاربوولە دەستی ئەم گرووپە، ئەسرین چەندین جار بە گریان و پاڕانەوە داوای کردووە بهێڵن بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام فەرماندەکانی پژاک بە ئاکارێکی نامرۆڤانە ڕێگەیان پێنەداوە. لە ئاکامدا، لە کاتی پاسەوانیی زۆرەملێییدا، هەر بەو چەکەی ئەم گرووپە دابوویانە دەستییەوە خۆی دەکوژێ؛ کردەوەیەک کە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی فشاری دەروونی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی منداڵانە. دوای ئەم ڕووداوە، فەرماندەکانی پژاک بە هەڕەشەکردن لە شایەتحاڵان و گواستنەوەی نهێنیی تەرمەکە و هەڵبەستنی گێڕانەوەی "کوژران لە بۆردوماندا" هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانیان داوە و تەنانەت بنەماڵەی ئەسرینیشیان بۆ ئامانجی پڕوپاگەندەیی خۆیان بەکارهێناوە. ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کارەکانی پژاک پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی مافی منداڵان، پرۆتۆکۆڵی قەدەغەی چەکدارکردنی منداڵان و بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە. چاودێری مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران خوازیاری هاتنەمەیدانی بەبڕشتانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، لێپرسینەوە لە تاوانباران، تۆمارکردنی ناوی پژاک لە نێو لیستی پێشێلکارانی مافی منداڵان و پاڵپشتی لە بنەماڵەی ئەو کچە بووە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای شایەتیدانی جەماوەری، ڕێکخستنی زەمانی- گێڕانەوەیی ڕووداوەکان، هەڵسەنگاندنی مافەوانی، توێژینەوەی بەراوردکاری بە پێی ستانداردی نێودەوڵەتی و لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامادەکراوە و نیشان دەدات کە ئەم کەیسە تەنها کارەساتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە سەرچەشنێکی پلانۆدانراو، سیستماتیک و ڕێکخراو بۆ راکێشانی منداڵان و چەکدارکردنیان لەلایەن پژاکەوە.