عەراقچی: ئێمە پابەندین بە دانوستانی دادپەروەرانە بەڵام ملکەچی ملهوڕی نابین
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە ئێستایش ئامادەین بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەڵام هەرگیز ملکەچی فشار و هەڕەشە و ملهوڕی و زۆربێژیی کەس نابین. سەید عەباس عەراقچی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاشاتودەی وتی: بەر لە پەلامارەکانی ئەمدواییەی ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا دانوستانی ئەتۆمی خەریکی بەڕێوەچوون بوو، بەڵام ئەم پەلامارە نایاساییانە پرۆسەی دانوستانەکانی ڕاگرت.
عەراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، تەکنەلۆجیای ئەتۆمیی ئێران بە بۆردومان تیاناچێت و مافی پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی ڕەوای ئێرانە کە کشانەوەی لێ نییە. ناوبراو وتیشی: ئێران ئامادەیە هەروەک ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێشوو ناسراو بە بەرجام گەرەنتیی ئاشتیانە بوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات، بەو مەرجەی سزاکان هەڵبگیرێن و ڕێزی دوولایەن بپارێزرێت.
عەراقچی ڕەخنەی لە بەسیاسیکرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بێدەنگیی ئەم ناوەندە بەرامبەر بە پەلاماردرانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گرت و زۆربوونی ژماری هێزی سەربازیی ئەمریکا و پارێزراوبوونی ڕژێمی زایۆنی لە سزادرانی بە هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی ناوچەکە زانی.