ڕێبەری باڵای شۆڕش: کۆماری ئیسلامی ملکەچی کەسانی ئاژاوەگێڕ و تێکدەر نابێ
ڕێبەری باڵای شۆڕش لێکدانەوەی بە هەڵەی بارودۆخ لەلایەن رژێمی گەندەڵی پەهلەوی و پشتیوانە سەرەکییەکەی واتە ئەمریکای بە بوارخۆشکەر بۆ تێکشکانیان لەهەمبەر گەلی ئێراندا هێنایەئەژمار و پێی داگرت: ئەمڕۆش گەلی ئێران کە لەسای نیزامی کۆماری ئیسلامی لەباری نەرمئامێریی و مەعنەوی و کەرەستەو ئامێری سەخت ئامێرییەوە زۆر بەهێزتر لەو سەردەمەیە، ئەمریکای ملهوڕ و هەڵەشەکار، شکست پێ دێنێ.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی مێژوویی و سەرکەوتووی خەڵکی قوم لە ١٩ی ژانڤییەی ١٩٧٨ لەدیداری هەزاران کەس لە خەڵکی بڕوادار و بەجۆش و خرۆشی ئەو شارە، وێڕای ئاماژە بە هەندێ ڕووداوی تێکدەر و وێرانکەر لە وڵاتدا فەرمووی: کەسانێک هەن کە کاریان خراپ کردن و وێرانکردنە هەربەوجۆرەی کە دوێشەو لە تاران و چەند شوێنێکی دیکە، ژمارێک ئاژاوەگێڕ و تێکدەر هاتن و چەند بینایەکی وڵاتەکەیانیان وێرانکرد بۆ ئەوەی بەدڵی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بێ .
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕوو لە ترەمپیش وتی: ئەویش دڵی خۆشە بەڵام ئەگەر دەتوانێ بچێ و وڵاتەکەی خۆی کە بەرەوڕووی ڕووداوی جۆراوجۆرە، ئیدارە بکا. ئەو لە شەڕی دوانزە ڕۆژەدا دەستی بە خوێنی زیاتر لە هەزار ئێرانی سوور بوو و خۆشی دانی بەوەدانا کە ئەمن فەرمانی هێرشکردنم داو لەو شەڕەدا سەرکردایەتیم کرد پاشان هەر ئەو کەسە دەڵێ کە من لایەنگری خەڵکی ئێرانم و کەسانی بێ فکریش باوەڕی پێ دەکەن و بەپێی ویست و خواستی ئەو، زبڵدانەکان دەسووتێنن و لەوجۆرە کارانە دەکەن.
بەڕێزیان وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە خوێنی چەندسەت هەزار مرۆڤی بەشەڕەف هاتووەتەسەر دەور و لەهەمبەر ئاژاوەگێڕاندا، خەمسارد نابێ، فەرمووی: کۆماری ئیسلامی، بەکرێگیراویی بیانییەکان تەحەممول ناکاو گەلی ئێرانیش، بەکرێگیراوی بیانی، هەرکەسێک کە بێ قەبووڵی ناکا.
ڕێبەری شۆڕش سەبارەت بە سەرۆک کۆماری ئەمریکاش وتی: ئەو کابرایەی خۆبەزل زانانە لەبارەی هەموو جیهانەوە قسە دەکاو دادوەریی دەکا، بزانێ و ئاگادار بێ کە ملهوڕان و چەوسێنەرانی جیهان بۆ نموونە نمرود، فیرعەون، رەزاخان و محەممەدڕەزای پەهلەوی کاتێک لەوپەڕی خۆبەزل زانیندا بوون، لەبەین چوون بۆیە ئەویش رۆژێک شکست دێنێ و لەسەر دەور نامێنێ.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی حکومەتی زاڵمی پەهلەوی بە خرابترین حکومەتی سەردەمی هاوچەرخ زانی و فەرمووی: کاتێک ئەو حکومەتە گەندەڵ و لاوازە لەناوچوو، هەربەوجۆرەی کە ئیمام بەڵێنی دابوو، حکومەتێکی جەماوەریی هاتەسەردەسەڵات و لەجیاتی رژێمی وابەستە بە "ئەمریکاو زایۆنیزم و باقی شەڕانگێز و بەرەڵاکانی جیهانی سیاسەت"، حکومەتێکی سەربەخۆ لە ئێرانی ئازیزدا جێگیر بوو.
بەڕێزیان لە شیکردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان، وێڕای ئاماژە بە بەردەوامیی لێکدانەوەی بەهەڵەی بارودۆخ لەلایەن ئەمریکاوە هەمبەر بە گەلی ئێران و نیزامی کۆماری ئیسلامی، پێی داگرت: ئەو هەڵانە، ئەمریکای ئەو رۆژە شکست پێهێناو ئەمڕۆش جگە لە شکست، سەرەنجامێکی دیکەیان نابێ.