کانونی دوھەم 11, 2026 18:41 Asia/Tehran
  • پزشکیان: ئەوانەی مزگەوت و بازاڕ دەسووتێنن تیرۆریستن و لە دەرەوە ڕاهێنراون

سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئەرکی ئێمە چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی نیگەرانییەکانی خەڵکە؛ نابێت ڕێگە بدەین ئاژاوەگێڕان وڵاتەکەمان تێک بدەن.

مەسعوود پزشکیان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ خەڵک، بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە دوژمن، تیرۆریستی ڕاهێنراوی هێناوەتە ناو وڵاتەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، ڕاشیگەیاند: ئەوانەی نائارامی دروست دەکەن مرۆڤی ئاسایی نین؛ ئەگەر کەسێک خۆشەویستیی ئەم وڵاتەی لە دڵدا بێت، بەم شێوەیە ناجوڵێتەوە؛ ئەگەر خەڵک ناڕەزایەتی دەرببڕن، ناڕەزایەتیەکەیان دەبیسترێت و کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت.

پزشکیان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە دوژمن لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا بەنیاز بوو وڵاتەکەمان تووشی بشێوی و ئاژاوە بکات، وتیشی: دوژمنانی گەلی ئێران ئەمڕۆیش بەهەمان شێوە لە هەوڵی بڵێسەپێدانی ئاگری  نائارامی و دەستێوەردانن، بۆیە گرووپێکیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ڕاهێناوە،  گرووپێک تیرۆریستیشیان لە دەرەوە هێناوەتە ناو وڵات، ئاگر لە مزگەوتەکان بەردەدەن، هەروەک چۆن ئاگریان لە بازاڕەکان بەرداوە، کۆمەڵێک کەسی بێتاوانیان بە چەک کوشتووە، بە دۆشکا تەقەیان لە خەڵک کردووە، هەندێ کەسیان ئاگر تێبەردا و تەنانەت سەری خەڵکیان بڕی”.

پزشکیان وتیشی: ئەرکی ئێمە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکە، لە هەمان کاتدا ئەرکێکی دیکەشمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نەهێڵین چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ هەموو کۆمەڵگاکەمان تووشی بشێوی و ئاژاوە بکەن.

سەرپەیڤ