کانونی دوھەم 14, 2026 16:45 Asia/Tehran

عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لەهەمبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا، تەواو ئامادەین.

سەید عەبباس عێراقچی لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەلمەناری لوبنان وتی: هۆکارێک کە بووەهۆ هەتا ئەمریکاو رژێمی زایۆنیستی لە رۆژی دوانزەیەمی شەڕدا، داوای ئاگربڕ بکەن، هەر ئەو ئامادەبوون و توانای وەڵامدانەوەی ئێران بوو. ئەو هۆکارەی پێش دەگرێ بە دووپات بوونەوەی ئەو ئەزموونە لەلایەن ئەوانەوە، هەر ئەو ئامادەبوونەی هێزە چەکدارەکانمانە. هێزە چەکدارەکان، ئامادەیی خۆیان دەپارێزن و بەوپەڕی هێز و تواناوە، بەرەڤانیی لە وڵات دەکەن. 

سەید عەبباس عێراقچی سەبارەت بە ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان لە ئێران و کردەی ئاژاوەگێڕانەی ژمارێک دەس وپێوەندی و هێنانەدی نائارامی و بشێویی و ئاژاوە لە تاران و شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران، وتی: لە ئێران، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی کراوەو ئەوەش لە هەر حکومەتێکدا کە لەسەر بنەمای سەروەریی خەڵک و دیموکراسی ڕۆنراوە، شتێکی ئاساییە واتە خەڵک بتوانن ناڕەزایەتی و سکاڵای خۆیان دەرببڕن و ئەوە، ئەو شتەیە کە ئێستا لە ئێراندا لەئارادایە. عێراقچی وتیشی: لەپاڵ ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان، ژمارێک بەکرێگیراویش کردەی تێکدەرانەو ئاژاوەگێڕانە ئەنجام دەدەن، هێرش دەکەنەسەر شوێنە گشتییەکان و دەیانسووتێنن. کاربەدەستانی رژێمی زایۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک توئیتەر و هەروەها دیمانە جۆربەجۆرەکاندا، دانیان بەوەداناوە کە دەس و پێوەندییەکانی موساد لە تاران و ئێران ئامادەن و لەو خۆپێشاندانانە، دەور دەبینن. 

وەزیری دەرەوەی ئێران لەو دیمانەدا وتی: هەوڵ دەدەین ئاوەزمەندانە پرسی ناڕەزایەتی و بشێویەکان لێک بدەینەوە، واتە گوێبیستی ناڕەزایەتی و سکاڵاکانی خەڵک بین و ڕێگاچارەیان بۆ بدۆزینەوەو هاوکاتیش کەسانێک کە بوونەتە مایەی ئاڵۆزکاویی و ئاژاوەیان ناوەتەوە، دەدەینە بەر لێپرسینەوەو دادگەییکران.

سەرپەیڤ