بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران سەبارەت بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە
ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ پاش شکستهێنانی ئەمریکاو رژێمی زایۆنی لە شەڕی داسەپاوی دوانزە رۆژە دژی ئێران، دوژمن بە گۆڕینی تاکتیک، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتیی گەلی ئێرانی کردەئامانج.
لە بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێراندا هاتووە، پاش ناڕەزایەتیی دەربڕینی ئاشتیانەی دوکانداران و کاسبکاران و قەبووڵکرانی داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، شانە ڕێکخراوەکانی ئاژاوەگێڕیی هەوڵیان دا، گردبوونەوەکان بە ئاراستەی توندوتیژییدا بەرن و لەمەودای ٩ هەتا ١٧ی ژانڤییە، خەسار و زیانیی زۆریان بە وڵات گەیاند. لە رۆژانی ١٨ و ١٩ی ژانڤییەدا، ئەو کردانە، هەوڵی تیرۆریستیی ڕێکخراو و چەکداریی لێکەوتەوە بەئامانجی ناهێمن کردن، بەکوشتدانی خەڵک و وێران کردن و لەناوبردنی بەربڵاوی سامانی گشتی و تایبەتی کە بەقسەی ئەنجومەنی ئاسایش، تاوانکاریی و دڕندەکاریی زۆری لێکەوتەوەو ٣١١٧ کوژراوی بەدواوە بوو کە ٢٤٢٧ کەس لەوان خەڵکی بێتاوان و هێزی ئاسایشی بوون. لە کاتی ئاژاوەو بشێوییەکان، خەسار و زیانی زۆر لەلایەن تیرۆریستانەوە، لە کەرتی جۆراوجۆر کەوت. ئەو خەسار و زیانانە، ناوەندو ئۆتۆمبیلی پزیشکی و فریاگوزاریی وەک نەخۆشخانە و ئامبوڵانسەکانی فریاکەوتنی خێراو ئۆتۆمبیلەکانی ئاگرکوژێنەوە، بانک و وێستگەکانی پاس و دوکان و فرۆشگەکانی گرتووەتەوە.
لەهەمان کاتدا، سکرتێری ئەنجونەنی ئاسایشی وڵاتیش ڕایگەیاندووە، پەلاماردرانی ٨٩ فێرگەی دینی، وێرانکرانی٢٥٣ وێستگەی پاس، سووتێندرانی ٣٠٥ ئەمبوڵانس، ٦٠٠ دەزگەی ئەی تی ئێم ، ٨٠٠ ئۆتۆمبیلی خەڵک و١٢٠ بنکەی بەسیج، ٧٠٠ دوکانی خەڵکی مەدەنی، ٤١٤ شوێنی حکوومی، ٧٤٩ ئۆتۆمبیلی پۆلیس، ٧٥٠ بانک، ٣٠٠ ماڵ و خانووبەرە لە بشێویی و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە بەدەست تیرۆریستان ئەنجامی گرت.
ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران، ئەو ڕووداوانەی وەک جەنایەتێکی تۆکمەو تەواو بە پشتگریی دوژمنانی ئێران، نرخاندو پێی داگرت؛ بە ڕێنوێنیی ڕێبەریی، ئەمەگداریی هێزە ئاسایشییەکان و ئامادەبوونی خەڵک لە رۆژی ٢٢ی ژانڤییە، پیلانی دوژمن پووچەڵ بۆوە و یەکێتی و یەکریزیی نیشتمانی جارێکی دیکە، بەهێزتر بوو.