شوبات 27, 2026 12:33 Asia/Tehran
  • عێراقچی : دانوستانەکان پێشکەوتنی باشیان بوو

وەزیری دەرەوەی ئێران، وتی: پرۆسەی خولی سێیەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لەبارەی پرسی ناڤۆکی و لابرانی بایکۆت و گەمارۆکان بوو، پێشکەوتنی باش و ئەرێنی بوو.

عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش کۆتایی هاتنی خولی سێیەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نیوان ئێران و ئەمریکا کە سەبارەت بە پرسی ناڤۆکی و لابرانی گەمارۆکان بوو، وتی: ئەو خولەی دانوستانەکان، یەک لە جیددیترین دانوستانەکان بووە کە تائێستا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجامی گرتووەو پێشکەوتنی باشی بووە. عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەو خولەی دانوستانەکان زۆر بەچڕی ئەنجامی گرت، وتی؛ لەسەر لابرانی گەمارۆکان و پرسی ناڤۆکی، ڕاوێژەکان ئیجابی و ئەرێنی بوو. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی کردە ئامادەبوونی رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لەو خولەی دانوستانەکان و وتی: ئامادەبوونی گرۆسی لەباری تەکنیکیەوە زۆر بەسوود بوو.

عەبباس عێراقچی وێڕای پێداگریی لەسەر ئەوەی کە لەسەر بڕێک بابەت، تەبایی زۆر باش هەیەو لەسەر هەندێک بابەتی دیکە، ناکۆکی و جیاوازی بیروڕا هەیە، وتی: لەم خولەی دانوستانەکان  بە بەراوەرد لەگەڵ خولەکانی ڕابردوو هەردوولایەنی دانوستان لێبڕاوانەتر بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەوڵیان دا. عێراقچی هەروەها وتی کە بڕیارە تیمە تەکنیکیەکان لە دووشەممەوە لە ڤیەنناو لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، تاووتوێ تەکنیکیەکان دەس پێ بکەن هەتا بگەینە چوارچێوێکی شیاو .

خولی سێیەمی دانوستانی ئێران و ئەمریکا کە بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عوممان لە ژنێڤ لە سەرلەبەیانی رۆژی پێنج شەممەوە دەسپێکرابوو، پاش نزیک بە شەش کاتژمێر دوو جار لە سەرلەبەیانی و ئێوارە، کۆتایی پێهات.

 

 

سەرپەیڤ