عێراقچی ڕوو لە نەتانیاهو: ئێمەش کاری تەواونەبوومان لەگەڵ تۆدا هەیە
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە لێدوانی دژە ئێرانیی سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنیستی، وێڕای هۆشدارییدان لەبارەی شوێنهاتەکانی هەرچەشنە کردەیەکی تازە، وتی: وریا بن، ئێرانیش کاری تەواو نەبووی لەگەڵتان هەیە.
سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە قسەو لێدوانی دژە ئێرانیی سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنیستی لە پەیامێک لە سۆشیال میدیادا نووسی: دواجار کە دەتانویست"کارەکە تەواو بکەن"، ئێران بەهێزتر لە ڕابردوو دەرکەوت. دەتانهەوێ جارێکی دیکە بەختی خۆتان تاقی بکەنەوە؟ فەرموون، بەڵام ئاگادار بن، ئێمەش کاری تەواو نەبوومان هەیە! نەتانیاهو بۆ دوورکەوتنەوە لە زیندان، ئەمریکا بەرەو شەڕێکی دیکە پاڵ پێوە دەنێ؛ بێ گوێدان بە شوێنهاتەکانی بۆ رژیمی زایۆنیستی، چ بگا بەوەی گوێ بدا بە دەرەنجامەکانی بۆ سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
لەهەمان کاتدا سەردار حوسێن موحیبی، وتەبێژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش وتی: هەرچەشنە دەسدرێژییەک بۆسەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران، سەرزەوینە داگیرکراوەکان بۆ هەمیشە دەکا بە خاکی سووتاو و داگیرکەرانی، ئاوارەی سەحرای سینا دەکا و جیهان شایەتی ئەوە دەبێ کە چی ڕوو دەدا. سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی بنکەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا(ص) ش ڕوو لە سەرانی دوژمنی ئەمریکی-زایۆنیستی بەئاماژە بە ئیرادەی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، گەل، بەرپرسان و هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران، هۆشداریی دا: ئێوە چەندین جار ئەو ورەو ئیرادەتان تاقی کردۆتەوە، بۆیە دووبارە تاقیکردنەوەی ئەو ئیرادە بەهێزە، کارێکی هەڵەیە؛ ئێمە بۆ بڕیاردانی گەمژانەی ئێوە، ساتەکان دەژمێرین. سەرلەشکری فڕۆکەوان عەلی عەبدوڵڵاهی وتی: ئەو دروشمانەی دەیانلێنەوە، ئەگەر بۆتان کرابا تائێستا جێبەجێتان دەکرد. لەهەرکام لە شەڕەکانی ڕابردوو، بەدروشمی ڕووخاندنی نیزامی کۆماری ئیسلامی، پارچە پارچەکردن و لەناوبردنی ئێران، هاتنەنێو شەڕەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە خۆتان خەریکە لەناو دەچن و دەڕووخێن و ئێران هێزمەندانە، هەروا پتەو ڕاوەستاوەو لە جێی خۆیەتی.