وشداری پەرلەمەنتاری تورک بە دەوڵەتی تورکیا لەمەڕ هەوڵی ئیسراییل بۆ گۆڕینی سنوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین
سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا وشداری دا بە دەوڵەتی ئەم وڵاتە لە حاند هەوڵەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ هێنانەدیی خولیای ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ و گۆڕینی سنوورەکانی وڵاتانی ناوچە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کوردیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی ملی گازتەی تورکیا؛ "تەمەڵ کارا مەلا ئۆغڵوو" سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا وتی؛ ڕۆژاواییەکان لە چوارچێوی جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی نوێ ، لە دووی گۆڕینی سنوورەکانی تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچە لە چوارچێوی سوود و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان.
سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا جەختی کرد: ئەمریکا و ئیسراییل تا ئێستا توانیویانە سیاسەتەکانی خۆیان بە سەر تورکیادا بسەپێنن و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە نیشانیان داوە کە توانای خۆڕاگری و ڕاوەستان بەرامبەر بەوانیان نییە.
کارامەلا ئۆغلوو ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەمریکا و ئیسراییل کە بە ڕواڵەت هاوپەیمانی تورکیا لە ناوچەکە دێنە ئەژمار ئەمڕۆکە شەرعییەت دانانێن بۆ سنوورە فەرمییەکانی ئەم وڵاتە و خەریکن نەخشەیەکی نوێ بە سەر تورکیادا دەسەپێنن.
سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا بە ئاماژە بەوەی کە داگیر کردنی بەنۆرە و یەک لە دوای یەکی وڵاتانی ئیسلامی گەڵاڵەی نوێی ئیسراییلە وتیشی؛ ئانکارا دەبێ هەموو هاوکاریی سیاسی، بازرگانی، سەربازی، کەلتووری و کۆمەڵایەتیی خۆی لەگەل ئیسراییل بپچڕێنێ و گرێبەست و پەیمانە دوولایەنەکانیش هەڵوەشێنێتەوە.