تورکیا ژمارێک لە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی خۆی ناردووەتە ئازەربایجان
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرای کرد کە تورکیا کاروانێکی چەکدارانی گروپە توندڕەوەکانى سوریای رەوانەی ئازەربایجان کردوە.
لەپێگەى خۆى روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تورکیا لە شارى عەفرینەوە یەکەم کاروانی چەکدارانی میلیشیا سورییەکانى رەوانەى ئازەربایجان کردووە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، لە سێ رۆژی رابردوودا 300 چەکداری سوری سەر بە تورکیاوە کە لە گروپی سوڵتان موراد و عەماشات بوون گەیەنراونەتە سنورەکانی ئازەربایجان بۆ پاڵپشتی لە حکومەتی ئەو وڵاتە دژی یٔەرمینیا، کە ئێستا کێشەیان لەناوچە سنورییەکان هەیە.
روانگەکە ئەوەشى خستەڕوو هەر چەکدارێک ئەگەر لەسەر بڕیاری تورکیا بچێتە لیبیا یان ئازەربایجان مانگانە ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ دۆلار وەردەگرێت.
ماوەی دوو رۆژە شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان لەنێوان هەردوولا دەستیپێکردوەتەوە کە پێشتر ئاگربەست لەنێوانیاندا راگەیەنرابوو، بەڵام دوو رۆژە شەڕ لەنێوانیاندا روویداوەو کوژراو برینداریش لە هەردوو لا هەیە.
تورکیا هەر لە کۆنەوە پشتیوانى ئازەربایجان لەدژى ئەرمینیا دەکات و بۆ ئەوەش چەندین جار هاوکارى سەربازى پێشکەش بە ئازەربایجان کردوە.