تشرینی یه‌که‌م 02, 2020 01:18 Asia/Tehran
  • ئه‌ردوغان: پەکەکە بووەتە هۆی بێزارکردنی حکومەتی هەرێمی باکووری عێراق

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رکۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی بێ ئەوەی ناوی «کوردستان» بێنێ جەختی کرد: پەکەکە بووەتە هۆی بێزارکردنی حکومەتی هەرێمی باکووری عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ئانادۆلۆ،  ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان سه‌رکۆماری تورکیا له‌ میانی کردنه‌وه‌ی ساڵی چواره‌می یاسادانان لە بیست و حەوتە‌مین خولی په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی، گوتارێکی پێشکه‌شکرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد کە ناسه‌قامگیرییه به‌رده‌وامه‌‌کانی عێراق له‌ جه‌نگی که‌نداوی فارسەوە‌ ھەتا ئێستا، زۆرترین زیانی به‌ تورکیا گه‌یاندووه‌. 

سه‌رکۆماری تورکیا وتیشی: له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژیمان بۆ وشککردنی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له‌ سه‌رچاوه‌که‌یه‌وه‌، لانه‌کانی رێکخراوەی (پەکەکە) له‌سه‌ر سنووری عێراق، یه‌ک یه‌ک له‌ناوده‌به‌ین و  ھەتا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئه‌م چاڵانه‌ی ئاژاوه‌ که‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی باکووری عێراقیشی بێزارکردووه‌، به‌ ته‌واوه‌تی له‌ناوده‌به‌ین، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بن.

ئه‌ردۆغان وێڕای ئاماژە کردن بە پارتی کرێکارانی کوردستان ، وتیشی: ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە جوداییخوازە چه‌ندین ساڵ ناوچه‌کانی نزیک له سنووری‌ تورکیای له‌ناو عێراق وه‌ک بنکه‌ی سه‌ربازیی به‌کارهێناوه‌ و کرده‌وه‌ی خوێناویی ئه‌نجام داوه‌، دیارە ئێمەش ھەتا ئەو کاتەی کە خاشەبڕیان دەکەین، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بن. 

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، گه‌وره‌ترین هیوامان ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌تی به‌غدا، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی مافه‌کانی خوشک و برا تورکمانه‌کانیشمان، هه‌رچی زووه‌ یه‌کێتیی سیاسیی و یه‌کپارچه‌یی خاک ده‌سته‌به‌ربکات. 

سەرپەیڤ