تشرینی یه‌که‌م 15, 2020 17:57 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی سویید: تورکیا دەبێ لە سووریا بکشێتەوە، وزیری دەرەوەی تورکیا: سویید لە ئاستێکدا نییە وەھا داوایەکمان لێ بکات

«ئان لیندی» وزیری ده‌ره‌وه‌ی سویید لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «مه‌ولود چاووش ئۆغلۆ» وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئانکارا داوای کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریای کردو «چاووش ئوغلوش» وەڵامی دایەوە کە: ئێوە لە ئاستێکدا نین کە وەھا داوایەکمان لێ بکەن.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٠ لە ئانکارا، «مه‌ولوود چاووش ئۆغلۆ» وەزیری دەرەوەی تورکیا و«ئان لیندی» وزیری ده‌ره‌وه‌ی سویید لە پاش کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام داو تیای دا «ئان لیندی» هێرشیێک توندی کرده‌ سه‌ر تورکیا و پارتی داد و گه‌شه‌ و به‌ هه‌ڵگیرساندنی ململانێ له‌ سووریا و لیبیا و قه‌ره‌باغ تۆمه‌تباریکرد.

وەزیری دەرەوەی سویید هێزەکانی تورکیای بە داگیرکەر پێناسەکرد و داوای کرد ئەو وڵاتە هێزه‌کانی لە سووریا بکشێنێته‌وه‌. ناوبراو هەروەها ئانکارای به به‌رپرس له‌ دابه‌شکردنی خاکی سووریا و چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد له‌ سووریا تۆمه‌تبار کردو وتیشی: زیادبوونی پێشێلکارییه‌کان و هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیریی گەڵاڵەکراو له‌ دژی کورد له‌ ناوخۆی تورکیاش به‌ هه‌موو شێوه‌یەک جێگای قەبووڵ نییە و ره‌تی دەکەینەوە.

لەبەرامبەردا «مه‌ولوود چاووش ئۆغلۆ» وەزیری دەرەوەی تورکیاش وتەکانی هاوتا سوییدییەکەی رەت کردەوە و وتی: ئێوه‌ لە ئاستێکدا نین بۆ ئه‌وه‌ی داوامان لێ بکه‌ن له‌ سووریا بکشێینه‌وه‌، ئێوه‌ ناتوانن داواکارییەکی له‌م جۆره‌تان لێمان ھەبێت.

«چاووش ئۆغلۆ» ھەروەھا، سوییدی به‌ پشتیوانی کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) تۆمه‌تبار کردو لە پەیوەندی لەگەڵ سووریاش وتی: ئایا سووریا دەوڵەتی سویید یان یه‌کێتیی ئه‌ورووپای کردووه‌ته‌ بریکاری خۆی بۆ ئەوەی داوامان لێ بکه‌ن له‌ خاکه‌که‌ی بکشێینه‌وه‌؟.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ناوچەی «قەرەباغ»یشەوە وتی: حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی وه‌ڵامی داخوازیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وه‌ستاندنی شەڕ له‌ قه‌ره‌باغ ناداته‌وه.

سه‌باره‌ت به‌و پێشێلکاریانه‌ش که‌ به‌رامبه‌ر مافی کورد له‌ ئامەد و سوریا و عێراقیش ده‌کرێت ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا رایگەیاند: تورکیا جیاکاری له‌ نێوان هیچ گروپێکی کوردی دا ناکات، چ له‌ ناوه‌وه‌ یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ ، چونکو ھەر ھەموویان تیرۆریستن و داکۆکی له‌ په‌که‌که‌ ده‌که‌ن.

سەرپەیڤ