کانونی یه‌که‌م 30, 2020 22:27 Asia/Tehran
  • ڕێژەی کوژراوانی دەوڵەتی تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستانی ئەم وڵاتە بە پێی بانگەشەی ھەردووک لایان

دەوڵەتی ئانکارا باسی کوژرانی زیاتر لە سێ ھەزار ئەندامی پەکەکەو، پەکەکەش باسی کوژرانی نزیکەی ھەزار لەشکریی تورکیا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، «خلوسی ئاکار» وەزیری بەرەڤانیی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی ھەڵسەنگاندنی کردەوەی ھێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٠ بانگەشەی کرد، سوپای تورکیا زیاتر لە ٢٠٠ ئۆپراسیۆنی دژی «پەکەکە» لە نێوخۆو دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە ئەنجام داوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزیری بەرەڤانیی تورکیا تەنیا لەو ئۆپراسیۆنانەی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دژی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا ئەنجام دراوە سێ ھەزارو ٦٤٦ ئەندامی ئەو پارتە کوژراون.

بە قسەی «خلوسی ئاکار» بە تێکڕایی لە ٢٤ی ژوئیەی ٢٠١٥ەوە ھەتا ئێستا ٣٠ ھەزارو ٤١٦ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ھێرشەکانی سوپای ئەم وڵاتە کوژراون . ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە بەرامبەردا پارتی کرێکارانی کوردستانیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە تەنیا لە ساڵی ڕابردووی زایینی دا ٩٦٤ لەشکریی دەوڵەتی تورکیا لە ھەڵمەت و پێکدادانەکانیاندا کوژراوە. 

لەم پەیوەندییەدا «ھیوا زاگرۆس » بەرپرسی پەیوەندییەکانی «پەکەکە» ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ئەو زمارە لە لەشکریانی تورکیا لە ٣٩٣ ھەڵمەتی پارتەکەی کوژراون. 

«ھیوا زاگرۆس» باسی ئەوەشی کردووە کە ھەڵبەت سوپای تورکیاش ھەر لەم ماوەیەدا ٢٥٧ ھێرشی ئاسمانی و ١٢٠ ھێرشی زەوینیی دژی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام داوە کە بە تێکڕایی کوژرانی تەنیا ٢٢٧ چەکداری ئەم پارتەی لێ کەوتووەتەوە.

سەرپەیڤ