ئادار 31, 2021 04:31 Asia/Tehran
  • بەڕێوەبرانی یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان

ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای دەستووریی تورکیا، یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی تورکیی ئانادۆلۆ، بڕیارە ئەمڕۆ دادگای دەستووریی تورکیا یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو نووسەرەی دادگا کە ئەرکی خوێندنەوەی دۆسیەکەی پێ سپێردرابوو، راپۆرتێکی لەسەر دۆسیەکە ئامادە کردووەو پێشکەش بە دەستەی دادگای دەستووریی کردووە و لە ئێستاش دا دادگای دەستووریی تورکیا یەکەم دانیشتنی خۆی لەم بارەیەوە ئەنجام دەدات بۆ بڕیاردان لەسەر قبوڵکردن یان قبوڵ نەکردنی سکاڵانامەکە.

بە پێی خشتەی دیاری کراویش ، ئەگەر لەم قۆناغەدا سکاڵاکە پەسەند بکرێت ئەوا بۆ بەرگری لەخۆ، دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان «ھەدەپە» و پێویستە ئەو پارتەش لەو ماوەیەدا کە دادگا بۆی دیاری دەکات، بەرگری لەخۆی بکات. دوای یەکەم بەرگریی «هەدەپە»، «بەکر شاهین» سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دادگای باڵای ئانکارا کە سکاڵانامەکەی ئامادە کردووە، تێڕوانینە بنچینەییەکانی خۆی دەخاتەڕوو. دوای کۆتایی هاتنی ئەم قۆناغانەش نووسەری دادگا تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و لە بارەیەوە راپۆرتێک ئامادە دەکات. دواتر راپۆرتەکە دەدرێتە ئەندامانی دادگای باڵای دەستووریی و سەرۆکی دادگاکە رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگای باڵای دەستووریی راوبۆچوونی خۆیان لەبارەی داخستنی هەدەپە دەخەنەڕوو.داخستن یاخود بڕینی بەشە بوودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری ١٠ ئەندام لە کۆی ١٥ ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستووریی هەیە.

لە دوا قۆناغیش دا  بڕیارەکە بە پارتی دیموکراتی گەلان «ھەدەپە» رادەگەیندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.

سەرپەیڤ