ئاب 12, 2022 12:55 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی پتر لە ٣٠٠ کەسایەتیی تورکیا بۆ ڕاگیرانی ھێرشە سەریبازییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سووریا

پتر لە ٣٠٠ کەسایەتیی تورکیا لە بەیاننامەیەکی ھاوبەش دا داوای ڕاگیرانی ھێرشەکانی سوپای ئەم وڵاتە بۆ سەر سووریایان کرد.

٣٠٨ نووسەر و رۆشنبیر و ئەکادیمی و ئەکتەری تورکیا لەبەیاننامەیەکدا هەر جۆرە لەشکرکێشییەکی سوپای تورکیایان بۆسەر سووریا ڕەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە ئەو هێرشە هیچ پاساوێکی ڕەوانی نییە و باسکردن لە بوونی دوژمنێک کە لەدیوی سوریاوە هەڕەشە لە تورکیا بکات پاساوێکە لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەوە درووستکراوە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گریمانکراوەکە جگە لە پارتی دەسەڵاتدار سوودی بۆ هیچ لایەک نییە و زیانی گەورەش بەگەلی تورکیا دەگەیەنێت، جگە لەوەی دەبێت گەنجان لەسەر خاکی وڵاتێکی بیانی شەڕبکەن و بکوژرێن، ئەوەش تەنیا لەپێناو مانەوەی پارتی دەسەڵاتدار، نەوەک لەپێناو خاک و نیشتیمان.

بەیاننامەکە سەرکۆنەی بێهەڵوێستیی هاوپەیمانیی شەش لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای بەرانبەر بەو بارودۆخە کردووە و باسی لەوەش کردووە کە دەرنەبڕینی هەڵوێستێکی لێبراوانە دژ بە سیاسەتی شەڕخوازانەی پارتی دەسەڵاتدار، مانای تێوەگلانی ئەوانیش لەو خوێنڕشتن و ئەو تاوانانە دێت کە دەرحەق بە مرۆڤایەتیی و تورکیا و گەلەکەی دەکرێت.

سەرپەیڤ