ئاب 19, 2022 10:33 Asia/Tehran
  •  ھەوڵی بەرامبەری ئانکاراو تەلەبیب بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیاو «یائیر لاپید» سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بە تەلەفۆن لە بارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان و دۆخی ناوچەکە وتووێژیان کرد.

تورکیاو ئیسرائیل ئاسایی کردنەوەی تۆکمەوتەواوی پەیوەندی و گەڕانەوەی باڵوێزەکانیان بۆ ئانکاراو تەلەبیب ڕاگەیاندووە.

کاربەدەستانی پاتی دەستەڵات داری دادو گەشەو بە دیاری کراوی خودی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا بە درێژایی پتر لە دوو دەیەی ڕابردوو بەردەوام بانگەشەی پشتگری لە گەلی چەوساوەی فەلەستینیان کردووە لە ھەمبەر داگیرکاری و دڕندایەتیی ڕژێمی زایونی. بەڵام وادیارە تەواوی جم و جوڵەکانی دەوڵەتی ئانکارا لە بەرامبەر ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل تەنیا شانۆیەکی ڕواڵەتی بووەو بەس.

با ئەوەش بڵێین کە بۆی ھەیە کاربەدەستانی ئانکارا  لە ماوەی ئەم ھەموو ساڵەدا بە وەرگرتنی زانیاری لە نوێنەرانی سیاسی جەماوەری چەوساوەی فەلەستین لە تورکیا، زانیاریی پێویستی ڕژێمی زایونییان پێ درکاندون و گواستوویانەتەوە بۆ ئەو ڕژێمە.

دەوڵەتی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» لە کاتی لاواز بوونی ڕژێمی زایونی دا ھۆگریی خۆی بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونی پیشان داو ئینجا بە بانگێشتنی سەرۆکی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆ سەردانی ئنەو وڵاتە، جیا لە ئاشکرا کردنی شوناسی ڕاستەقینەی خۆی، بەستێنیشی بۆ ناڕەزامەندی دەربڕینی بەربڵاوی جەماوەری موسڵمانی تورکیا خۆش کردووە.

ئەم ھەڵس و کەوتەی تورکیا دەکرێ لە دوو ڕەھەندەوە لێک بدرێتەوە، یان پرسی بووژێندرانەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل پەیوەستە بە ھۆکاری دەرەوەییەوەو یاخود ئەوەی کە پێشتریش ھەر لەپشت پەردەدا پەیوەندییان پێکەوە ھەبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە گرینگایەتییەکی زیاتری ھەبووەو دەیتوانی ببێتە ھۆی ھێزمەند بوونی ھەڵوێستی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی.

بە ھەر حاڵ ئەو ھەنگاوەی تورکیا نەک ھەر لە ڕوانگەی بەشی ھەرە زۆری جەماوەری موسڵمانی ئەم وڵاتە ڕەت کراوەیەو جێگای قەبوڵ نییە،بەڵکو ئەو ھەنگاوەی لەوانەشە بەستێن بۆ ڕوخانی دەوڵەتی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» خۆش کات.

سەرپەیڤ