شوبات 04, 2023 19:13 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق و سوریا

چوار ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە هێرشی سوپای ئەم وڵاتە لە باکووری عێراق و سوریا کوژران.

بەگوێرەی ماڵپەڕی TRTی تورکی، وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە دوو ئەندامی  پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە شەڕگەکانی باکووری عێراق کە بە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی «پەنجە قفڵ» ناودارە کوژراون.

وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە بۆ لەناوبردنی حەشارگەکانی پەکەکە ھەروا بەدەوام دەبێت.

هەواڵێکی دیکە باس لەوە دەکات کە سێ ئەندامی یەپەگە کە بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە باکوری سوریا، لە هێرشی یەکینەکانی پشتیوانی و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کوژراون.

هێزەکانی سوپای تورکیا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان هێرش دەکەنە سەر باکووری عێراق و سووریا. هێرشە نایاساییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە باکووری عێراق و سوریا لە کاتێکدا بەردەوامە، کە بەغداو دیمەشق گەلێک جار ئەو هێرشانەیان ئیدانە کردووە و بە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و سوریای لێک دەدەنەوە.

سەرپەیڤ