لاڤرۆف: دەسدرێژکاریی ئەمریکا بۆسەر سوریا قەبووڵنەکراوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی دا لەگەڵ هاوشانە تورکەکەی، پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریای بە پەسەندنەکراو زانی و وتی: ئەو پەلامارە، دۆخی قەیراناوای ناوچەی ئاڵۆزتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سێرگئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی لەپەیوەندیی تەلەیفونی لەگەڵ مەولود چاووش ئۆغڵووی هاوشانە تورکەکەی، وتی: کردەی واشنگتۆن لە پەلاماری مووشەکیی سەر سوریا، هەوڵدان بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی قەیرانی سوریای بەفیڕۆ دا.
سێرگئی لاڤرۆف و چاووش ئۆغڵوو لەو پەیوەندییە تەلەیفونییەدا جەختیان کرد لەسەر درێژەی دانوستانی سوری-سوری وەک تەنیا ڕێگای دەسڕاگەیشتن بەئاشتەوایی لە سوریا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەداکۆکی لە پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر پێگەی ئاسمانیی شەعیرات لە پارێزگای حۆمسی سوریا، ئەو کارەی بەئەرێنی بەڵام بە کەم و ناکافی زانی.
لە موشەکبارانی پێگەیەکی ئاسمانی لە حۆمسی سوریا کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ئەنجامی گرت، نۆ کەسی سیڤیلی سوری لەوان چوار منداڵ کوژران و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.