دانیشتنی سێ قۆڵیی ڕووسیا، سووریاو ئێران لە مۆسکۆ
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i286744-دانیشتنی_سێ_قۆڵیی_ڕووسیا_سووریاو_ئێران_لە_مۆسکۆ
دانیشتنی سێ قۆڵیی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، سوریاو ئێران ئەمڕۆ هەینی لە مۆسکۆ بەڕێوە چوو. ئەو دانیشتنە بەهاوبەشی سێرگئی لاڤرۆف، وەلید موعەلیم و محەممەد جەوادی زەریف ، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا ، سوریاو ئێران لە بینای وەزارەتی دەرەوە لە مۆسکۆ بۆ ڕاوێژ بەمەبەستی چارەسەریی سیاسی قەیرانی سوریا لەپشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوە چوو. لەو دانیشتنەدا کە دووهەم دانیشتنی هاوبەشی سێ قۆڵیی لەساڵی٢٠١٦وە دێتەئەژمار، دوابارودۆخی سوریا لێکدرایەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 14, 2017 15:53 Asia/Tehran
  • دانیشتنی سێ قۆڵیی ڕووسیا، سووریاو ئێران لە مۆسکۆ

دانیشتنی سێ قۆڵیی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، سوریاو ئێران ئەمڕۆ هەینی لە مۆسکۆ بەڕێوە چوو. ئەو دانیشتنە بەهاوبەشی سێرگئی لاڤرۆف، وەلید موعەلیم و محەممەد جەوادی زەریف ، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا ، سوریاو ئێران لە بینای وەزارەتی دەرەوە لە مۆسکۆ بۆ ڕاوێژ بەمەبەستی چارەسەریی سیاسی قەیرانی سوریا لەپشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوە چوو. لەو دانیشتنەدا کە دووهەم دانیشتنی هاوبەشی سێ قۆڵیی لەساڵی٢٠١٦وە دێتەئەژمار، دوابارودۆخی سوریا لێکدرایەوە.

بەڕێوەچوونی دانیشتنی سێ قۆڵیی ڕووسیا ، سوریاو ئێران لە مۆسکۆ بەسەرنجدان بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لەگۆڕەپانی سوریا بەتایبەت پرسی کیمیابارانی خان شەیخون لەپارێزگای ئیدلەب و پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر پێگەی ئاسمانی ئەلشەعیراتی سوریا بەبیانووی ئەو کیمیابارانەوە، گرینگی زۆری هەیە. بەتایبەت تاووتوێی دواڕەوشی سوریاو ڕاوێژکارییەکان بەمەبەستی گرتنەبەری هەڵوێستێکی تاکانە لەهەمبەر کردەی دوژمنکارانەی ڕۆژاواییەکان، لەدژ حکومەتی سوریا بەسەرنجدان بە پەرەپێدرانی زەخت و گوشارەکان لەدژ دەمشق، لەو وتووێژانەدا تیشکی خرایەسەر.

پێویستیی ئەنجامگرتنی لێکٶڵینەوەی سەربەخۆیانەو بێلایەن بۆ ڕوون بوونەوەو دەرکەوتنی ئەنجامدەری ڕاستەقینەی کیمیابارانی چواری ئاڤریلی خان شەیخونی سوریاش یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی دانوستان. ئەوە لەکاتێکدایە کە لەو دانوستانانەدا، تاووتوێی دەسکەوتە سیاسییەکان و ڕێوشوێنی پێویست بۆ یارمەتیدانی سوریا لەپێناو چارەسەریی سیاسی قەیرانی ئەو وڵاتە ، لەبەرنامەی کاردا بوو. ئێستا بەسەرنجدان بە بارودۆخی سوریاو بنبەست لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەر ڤیتۆی ڕەشنووسی بڕیارنامەی دژە سوری رۆژاواییەکان لەلایەن مۆسکۆ، ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا شایەتی تاوسەندنی کەم وێنەی گوشارە سیاسییەکان لەدژ حکومەتی سوریا بین. بەتایبەت بەسەرنجدان بە هەڵوێست گرتنی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی لەبارەی کیمیابارانەکەی خان شەیخون کە بەجۆرێک ڕوودانی پەلاماری شیمیایی پشت ڕاست کردەوە، واپێ دەچێ ئەو پرسە وەک بیانوویەکی نوێ بێتەئاراوە دژ بە حکومەتی سوریاو کەڵکی لێ وەربگیردرێ. ئەوە لەحاڵێکدایە کە حکومەتی سوریا وێڕای داوای ئەنجامگرتنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەبارەی کیمیابارانی خان شەیخون، لەبنەڕەتڕا بە ڕووداوێکی ساختەو لەئاراستەی پەڵپ و بیانوو هێنانەوە بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازی لەدژ دەمشق لەقەڵەم داوە. لەهەمان کاتدا، ڕووسیا لەدووی چەسپاندنی بارودۆخ لە سوریایە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕووسی جەختیان کردووە لەسەر گرینگی دەسپێکردنەوەی تەبایی نامەی ئاسایشی ئاسمانیی لەگەڵ ئەمریکا، پێکهێنانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵێنەوە لەبارەی پەلاماری شیمیایی سەر خان شەیخون و درێژەی دانوستان لەنێوان حکومەتی سوریاو نەیاران لە ژنێڤ و ئاستانە. بەسەرنجدان بەوەی ئێستا هەوڵی رۆژاواییەکان تەرکیز لەسەر سەلماندنی ئەنجامگرتنی پەلاماری شیمیایی خان شەیخون لەلایەن حکومەتی سوریاوەیە، بۆیە ڕووسەکانیش لەکاردانەوە بەو پرسە پێیان داگرتووە، رۆژاواییەکان لەهەوڵدان ڕووداوێکی ڕاست بشارنەوە کە لەو ناوچەیەدا ڕووی دا. وێڕای ئەوەی کە هەموو چەکە شیمیاییەکانی سوریا بەگوێرەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی لەناوبردراوە. لەهەمان کاتدا یەکێ لە بابەتەکانی دانوستان لەدانیشتنەکەی مۆسکۆ، بوارخۆش کردن بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی نوێ لە ئاستانە بۆ بردنەپێشی ڕێکاری سیاسی قەیرانی سوریایە. بەم حاڵەش، واپێ دەچێ کە بەشێک لە گرووپە نەیارەکان کە بەشداری دانوستانەکانی ئاستانەو لەقۆناخی دواتردا بەشداری دانشتنی ژنێڤ بوون، ئێستا بەسەرنجدان بە پەلاماری مووشەکیی ئەمریکاو پێداگریی حکومەتی ترەمپ لەسەر پێویستی لەسەر دەسەڵات لاچوونی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، ئەوەندە گوێ نادەنە دانوستان و دانیشتنی نوێی ئاشتی و زۆرتر خوازیاری بردنەپێشی کردەی سەربازی بەداکۆکی هاوپەیمانی ڕۆژاوایی-عەرەبی بن. ئەوە لەحاڵێکدایە کە حکومەتی سوریا لەگەڵ هاوبەشە ڕووس و ئێرانییەکەی بۆ نیازپاکی پێشاندانی، لەو دانیشتنەدا هەروا خوازیاری چوونەپێشی ڕێکاری سیاسی بۆ قەیرانی سوریایە.