تشرینی دووه‌م 07, 2017 16:28 Asia/Tehran
  • درێژەی خۆپێشاندانەکان لەدژ سەفەری ترەمپ بۆ کۆریای باشوور لە سێئول

خۆپێشاندانی هەزاران شارومەندی کۆریای باشوور لەدژ سەفەری دۆناڵد ترەمپ بۆ سێئول، هەروا بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ سێ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، ئەو خۆپێشاندانانە کە لە دوو ڕۆژ پێش چوونی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ سێئول دەس پێ بووە، هەروا بەردەوامە.

سەرچاوە میدیاییەکان لە سێئول، ڕایدەگەیێنن کە ناڕازییان لەسەر شەقامەکان دروشمی"نا بۆ ترەمپ نا بۆ شەڕ" بەرز دەکەنەوە.

شارومەندانی توڕەی کۆریای باشوور نیگەرانی ئەوەن کە کردەکانی ترەمپ وڵاتەکەیان تێوەگلاوی شەڕ بکات. بۆیە، ڕێوشوێنی ئەمنی لە دەورووبەری باڵوێزخانەی ئەمریکاو هەروەها کۆشکی سەرۆک کۆماریی کۆریای باشوور ، توندترکراوە.

دۆناڵد ترەمپ لە سێئولیش وەک تۆکیۆ لەگەڵ ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی و خۆپێشاندانی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی بە ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە نیمچە دوورگەی کۆریا بەرەو ڕوو بووە.

تەوەری سەرەکیی دانوستانەکانی ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باشوور پێش گرتن بە چوونەسەری توانای سەربازیی کۆریای باکوورە، و لەپاڵ ئەوەشدا، گرێدانی گرێبەستی سەربازی و ئابووری بۆ فرۆشتنی چەکەمەنی کۆکوژی ئەمریکا بەوڵاتانی ناوچە بەتایبەت ژاپۆن و کۆریای باشوورە.

سەفەری ترەمپ بۆ سێئول هاوکات بووە لەگەڵ بەڕێوە چوونی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا-کۆریای باشوور و ئوسترالیا.

پیونگ یانگ لەبابەتێکدا کە لە گۆڤاری"رودونگ سیمون" Rodong Sinmun " کە هی پارتی دەسەڵاتداری کۆریای باکوورە بڵاوی کردەوە، ئەمریکای بە پەرەپێدانی کێشەو گرفتەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا تاوانبار کردو ڕایگەیاند: واشنگتۆن هاوکات لەگەڵ سەفەری ترەمپ بۆ سێئول، سێ پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ناڤۆکیشی ڕەوانەی ناوچە کردووە.

تۆڕی گەشتیاریی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا لە رۆژی یەکشەممە٤ی نۆڤمبەرەوە هاوکات لەگەڵ چوون بۆ پێگەی ئاسمانیی ئەمریکی"یوکوتا" لەگردووپەڕی تۆکیۆ، دەسپێکرا.

سەرپەیڤ