دیداری وەزیری بەرگریی ڕووسیاو دی میستورا لە مۆسکۆ
وەزیری بەرگریی رووسیاو نێردراوی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریاو ڕێگاکانی چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتە وتووێژیان کرد.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن، ستێفان دی میستورا نێردراوی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا دوێنێ هەینی لەدیدار لەگەڵ سێرگئی شۆئیگۆ وەزیری بەرگریی ڕووسیا لە مۆسکۆ وتی: قەیرانی سووریا دەبێ لەڕێی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت.
وەزیری بەرگریی ڕووسیاش لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی کرد لەسەر درێژەی هەوڵ و کۆششەکان بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا.
بڕیارە خولی نوێی دانوستانەکانی ژنێڤ بەمەبەستی چارەسەریی قەیرانی سووریا ٢٨ی نۆڤمبەری داهاتوو بەڕێوە بچێ.
قەیران لە سووریا لەساڵی٢٠١١وە و لەئێراق لەساڵی٢٠١٤وە بەهێرشی بەرفراوانی گرووپە ڕەشەکوژەکانی جێی داکۆکیی عەرەبستان، ئەمریکاو هاوپەیمانانیان بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بەقازانجی رژیمی زایۆنیستی دەسپێکرا.
هێزە سووریەکان بەیارمەتی هێزەکانی میحوەری موقاوەمە لە چەند حەوتەو مانگی ڕابردوودا توانیویانە زەبری کاری و قورس لە تیرۆریستان بدەن.