راگەیاندراوی چوار وڵاتی ڕۆژئاووایی لەدژی رووسیا + پەرەگرتنی رووبەڕووبوونەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i330761-راگەیاندراوی_چوار_وڵاتی_ڕۆژئاووایی_لەدژی_رووسیا_پەرەگرتنی_رووبەڕووبوونەوە
سەرۆکانی بەریتانیا، ئاڵمان، فەڕانسەو ئەمریکا لەمیانەی بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕووسیایان بە بەرپرسی ژەهراویی کرانی "سێرگئی ئیسکریپال"ی سیخوڕەکەی پێشووتریان زانی. لەمیانەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا کە رۆژی پێنج شەممە دەرکراوە وتراوە : ئەوە یەکەم پەلامارە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامێرێک دژبە دەمار لەئوروپا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی کە بە هێرشکردنە سەر سەروەریی بەریتانیاو پێشێلکرانی کۆنوانسیۆنی چەکی شیمیایی و یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیەکان دێتە ئەژمار.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 16, 2018 08:33 Asia/Tehran
  • راگەیاندراوی چوار وڵاتی ڕۆژئاووایی لەدژی رووسیا  + پەرەگرتنی رووبەڕووبوونەوە

سەرۆکانی بەریتانیا، ئاڵمان، فەڕانسەو ئەمریکا لەمیانەی بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕووسیایان بە بەرپرسی ژەهراویی کرانی "سێرگئی ئیسکریپال"ی سیخوڕەکەی پێشووتریان زانی. لەمیانەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا کە رۆژی پێنج شەممە دەرکراوە وتراوە : ئەوە یەکەم پەلامارە بە کەڵک وەرگرتن لە ئامێرێک دژبە دەمار لەئوروپا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی کە بە هێرشکردنە سەر سەروەریی بەریتانیاو پێشێلکرانی کۆنوانسیۆنی چەکی شیمیایی و یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیەکان دێتە ئەژمار.

بەرەوڕووبوونەوەو کێشەی دوو قۆڵیی نێوان ڕووسیاو بەریتانیا لەسەر پرسی ژاراویی کرانی شیمیایی سێرگئی سکریپال و کچەکەی یولیا بووە بە بەرەوڕووبوونەوەی بەرفراوانی رۆژاوا و رووسیا. هەر ئەو فەکتەرە واتە هەڵوێست گرتنی رۆژاواییەکان بە لایەنگری لە لەندەن و وەک بەڵگە چاولێکردنیه ئەو ڕووداوە بۆ پەرەی پەلامارە سیاسییەکان و چەواشەکاریی لەدژ مۆسکۆ ئەویش لەسەروبەندی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی رووسیا ، هەستیارەتی بارودۆخەکەی زیاتر کردووەو ئەگەری تەشەنای هەرچی زیاتری قەیرانی ئێستا  بۆ لایەن و ڕەهەندەکانی دیکەی پەرەپێداوە. لە قەیرانی ئێستادا بەرپرسانی بەریتانی سنووری داب و نەریتە باوە دیپلۆماتیکییەکانیان بەزاندووەو بێ شەرمانە سووکێتی بە ڕووسیاو کاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەکەن.

گەیڤین ویلیامسۆن وەزیری بەرگریی ئینگلیز رۆژی پێنج شەممە پەلاماردان بەماددەی شیمیایی لەدژ سێرگئی سکریپالی بەکردەیەکی"بێ شەرمانە" لەلایەن مۆسکۆ زانی و وتی: لەجیاتی وەڵامدانەوە باشترە "بکشێتەوەو بێ دەنگ بمێنێ".

ئەو سووکێتی پێکردنەی بەریتانییەکان لەلایەن رووسیاوە بێ وەڵام نەمایەوە. ئیگۆر کۆناشنکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا وتی: لێدوانی سووکانە و پڕلەهەڵیت و پەڵیتی وەزیری بەرگریی ئینگلیز، کەم هۆشی ناوبراو پێشان دەدا .

ناوبراو وتیشی: گشت ئەو لێدوانانە نەک هەر بێ بایخ بوونی تۆمەتەکانی لەندەن لەدژ ڕووسیا پێشان دەدا بەڵکوو پێشاندەری پڕووپووچ بوونی تۆمەت پاڵدەرانیشە.

الەڕوانگەی مۆسکۆوە، لەندەن تەشەنا دەکا بە قەیرانی ئێستا بەئامانجی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە کێشە ناوخۆییەکانی. بەم حاڵەشەوە، ترێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەوبارەوە بەتەنیا نییەو بیاننامەی ئەم دواییەی سەرانی رۆژاوایی واپێشان ئەدات کە ئەوان ڕەوتی داکۆکیی جیددی لە بەریتانیا لەهەمبەر ڕووسیایان گرتووەتە پێش. لەڕاستیدا ئەوان ئێستا بیانوویەکی شیاویان لەدژ مۆسکۆ دەس کەوتووە کە دەتوانێ هەڵوێستی ڕووسیا لەئاستی نێودەوڵەتی لاواز بکاو تۆمەتباری بکا بە یەکەم پەلاماردان بە چەکی شیمیایی لە ئوروپا لەچاخی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە واپێ دەچێ، لەڕۆژانی داهاتوو زەخت و گوشارە سیاسی و پڕووپاگەندەییەکان لەلایەن رۆژاواوە لەدژ ڕووسیا تەشەنا بکات.

ترێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەسپێکەری ئەو ڕەوتەیە. ناوبراو رۆژی چوارشەممە بەدووپات کردنەوەی ئیدیعای دەستتێدابوونی ڕووسیا لە ژەهراویی کردنی سکریپال و کچەکەی، فەرمانی دەرکردنی٢٣دیپلۆماتی ئەو وڵاتە لەخاکی ئینگلیزی دەرکرد. رۆژی پێنج شەممەش وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ قووڵ بوونەوەی کێشەی نێوان رۆژاوا و رووسیا، بایکۆت وگەمارۆی نوێی بەدژ چەند کەس و ڕێکخراوی ڕووسی ڕاگەیاند.

سەرەڕای هەندێ کرانەوە لەم دواییەدا لەپەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیاو یەکێتی ئوروپا بۆ وێنە، دیارەکانی پووتین و مەکرۆن بەڵام ئێستا مەسەلەیەک لە پەیوەندیی دوو قۆڵیی مۆسکۆ و ڕۆژاوا ڕووی داوە کە کێشەو بەرەوڕووبوونەوە لەبواری جیاجیای سیاسی، دیپلۆماتیک و ئابووری، و بازرگانی لێ دەکەوێتەوە.