May 11, 2018 16:48 Asia/Tehran
  • ڕووسیا: ئەورووپا لە تاقیکاریی دژواری سەلماندنی مافی سەروەریی خۆیدایە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یاسادانەری ئەنجومەنی فدراسیۆن ( ئەنجومەنی سنای ڕووسیا) وتی: هەڵوێستی ئەورووپاییەکان بەرامبەر بە گوشاری ئەمریکا بۆ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، تاقیکارییەکی دژوارە بۆ نیشان دانی مافی سەروەرییان.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕیانووستی؛ "ئاندرێ کلیشاس" André Clichy ڕۆژی پێنجشەممە وتی: پاش چونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی، ئەورووپاییەکان بەرەوڕووی تاقیکارییەک بوونەتەوە کە دەبێ بسەلمێنن وێرای هەموو گوشارەکانی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنەدا دەمێننەوە و بەرگری لە قازانج و بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیان دەکەن یان نا.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یاسادانەری ئەنجومەنی فدراسیۆنی ڕووسیا بە ئاماژە بەوەی کە چونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بنپیکردنی هەموو بەڵێنمەندییەکانی بەرامبەر بە یاسا وڕێسا نیودەوڵەتییەکانە وتیشی: ئەوە بە مانای سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکە لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و زاڵ بوونی کەشێکی پڕ نیگەرانی بە سەر ناوچە و جیهانە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد؛ ئەو کردەوە یەکلایەنەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان داکۆکی و پشتیوانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندووە.

 

سەرپەیڤ