ترەمپ: دیموکراتەکان پشتیوانی گەورەی قاچاخی مرۆڤن
سەرۆک کۆماری ئەمریکا وێڕای بەرگری کردن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە کۆچ و کۆچبەری، دیموکراتەکانی تۆمەتبار کرد بە یاسابەزێنی و قاچاخ کردنی مرۆڤ.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ڕۆیتێرز؛ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە ئاماژە بەوەی کە قەیرانی کۆچبەری لەم وڵاتە گەلێک جیدییەو دەبێ ڕێگاکانی هەڵاتن لەو یاسا وڕیساگەلە داخرێن، بانگەشەی کرد ڕێگاچارەی زۆرمان بۆ ئەو قەیرانە دیتەوە بەڵام دیموکراتەکان نایانهەوێ هیچ شتێک پەسەن بکەن، لەبەر ئەوەی کە ڕەنگە ئەوان پێیان وایە ئەو کارە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بۆیان خراپ دەبێ.
ترەمپ هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە ڕێگاکانی دەرباز بوون لە یاسا و ڕێساکانی کۆچ و کۆچبەری لە ئەمریکا لە لایەن دیموکراتە توندڕەوەکانی سنوور ئاوەڵاکەر پشتیوانی لێ دەکرێ، وتیشی: دیموکراتەکان ڕێگایان دا سەودای گەورەی قاچاخی منداڵان وەڕێ کەوێ، تا ڕادەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بە هۆی ئەو ڕێگای دەرباز بوونەی دیموکراتەکان داکۆکی لێ دەکەن خۆیان گەیاندۆتە ئەمریکا.
"دۆناڵد ترەمپ" هەروەها بانگەشەی کرد ئابووریی ئەمریکا ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی هەیە و ئەم وڵاتە ئێستا کەمترین ڕادەی بێکاری هەیە لە نزیکەی نیو سەدەی رابروودا.