هەراو هوریای هوک؛ چەواشەکاریی ئەمریکا لە سەر شاڵاوی ترساندن لە ئێران
"برایان هوک" نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بە دووپات کردنەوەی بانگەشەکانی ڕابردووی کاربەدەستانی ئەمریکایی لە چوارچێوی سیاسەتی ترساندن لە ئێران بانگەشەی کرد؛ ئێران مووشەکی بە توانایی هەڵگرتنی کڵاڤۆکی ئەتۆمی تەقاندووە.
برایان هوک لە درێژەی هەرا و هوریاکانی دژ بە ئێران بۆ وەبن کاریگەری دانانی بیر و ڕای گشتیی بە شانۆیەکی دووپات کراوە بە شێوازی سەعوودی- زایۆنی، دەستی کردە نیشان دانی هەندێ لەتکە مووشەکی تەقیوە کە بە بانگەشەی ئەو لە ئێرانەوە بۆ یەمەن نێردراون. ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە بە بڕوای خۆی ئێرانی بە بەرپرسی قەیرانی مرۆیی سەرهەڵداو لە یەمەن زانی و وتی؛ گوشارەکانی لە سەر ئێران زیاتر دەبێ بۆ ئەوەی هەڵس و کەوتی بگۆڕێ.
ئەم بانگەشەیەی "برایان هوک" لە راستیدا دووپات کراوەی بانگەشەکانی هەفتەی ڕابردوو بوو و شتێکی تازەی پێ نەبوو بەڵام بەو ئامانجە دووپات دەکرێتەوە تا ئەو شاڵاوی ترساندن لە ئێرانە وەڕێیان خستووە هەر نەنیشێتەوە و کۆمەڵگەی جیهانی وەبن کاریگەری بنێت. هەموان بە باشی دەزانن ئیتر سەردەمی ئەو یارییانە تێپەڕ بووە و هەوڵ بۆ گۆڕینی راستییەکان لە ڕێگای بانگەشە و هەرا و هوریا نانەوە بێ سوودە.
لە باسی مووشەکدا؛ ئێران بە پێی فەتوای حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بەرهەم هێنانی بۆمبی ئەتۆمی بە حەرام ڕاگەیاندووە. جگە لەوە، هەر لە بنەڕەتدا مووشەکەکانی ئێران، لە چەشنی ئاساییە و بە مەبەستی ئەوەی بەرهەم نایەن هەڵگری کڵاڤۆکی ئەتۆمی بن. ئەم مەسەلە لە بریارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێ کراوە. هەروەها لە چواردە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا، ئێران پێبەند بووە بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هیچ چالاکییەکی لادەرانەی نەبووە.
بەم چەشنە بانگەشەی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، لە جنسی چەواشەکاری و بە بڕوای خۆی هەوڵ بۆ بە هەڕەشە و مەترسی نواندنی ئێرانە؛ ئەویش لە کاتێکدا کە ئەورووپا خەریکی باس و ڕاوێژە بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و جیهان گوشارەکانی سەر "محەممەد بن سەلمان" شالیاری سەعوودی بە هۆی مەسەلەی کوژرانی "جەماڵ خاشوقچی" ڕۆژنامەنووسی ڕوەخنەگر لە ماڵباتی ئالی سەعوودی زیاتر کردووە.
بانگەشەی خۆوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی یەمەن و ناردنی چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ بزووتنەوەی ئەنسارووڵڵای یەمەنیش دووپات کردنەوەی بانگەشەکانی پێشوویە و بێ بنەما بوونیشی بە جاران سەلمێندراوە. ئەو لایەنەی کە بەرپرسی سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی لە یەمەندایە، ئێران نییە، بەڵکوو ئەمریکایە کە لە هەر باروودۆخێکدا لە دووی فرۆشتنی چەک و کەرەستە جەنگییەکانی خۆی بە ڕژێمی سەعوودییە. بۆردومان کرانی خەڵکی یەمەن بە چەک و کەرەستەی جەنگیی ئەمریکایی لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشت ڕاست کراوەتەوە و لە تەنیشت ڕژێمی سەعوودیدا، ئەمریکایش بەرپرسی ئەو جەنایەتانەیە لە یەمەن دەقەومێ.
هەر لەم بوارەدا ڕۆژنامەی بەریتانیی ئیندیپێندێنت ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا داکۆکی لە دیکتاتۆری سەعوودی دەکات، و بە هێنانە ئارای ئەم پرسیارە کە کێ بەرپرسی شەڕی یەمەنە، نووسی: دەسەڵاتە ڕۆژاویەکان لەوان ئەمریکا لەو شەڕە تۆقێنەرە داکۆکیی سەربازی و لۆجستیکی لە سەعوودییەکان دەکەن بەڵام ئێران دەخەنە بەر لۆمە و گازندەوە.
کە سەرنج بدەینە باس و بابەتی باس کراو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا سەبارەت بە لێکدانەوەی داکۆکییی ئەم وڵاتە لە ڕژێمی سەعوودی لە شەڕی یەمەن، بێ بنەما بوونی بانگەشەکانی برایان هوک دژ بە ئێران سەبارەت بە یەمەن دەسەلمێندرێ. لەم کۆبوونەوەیەدا ، "مایک لی" سناتۆری کۆماریخواز وتی: ئەمریکا نابێ بەشداری بکات لە شەڕی خوێناویی یەمەن، کوشت و بڕ لە یەمەن بە هۆی پشتیوانیی ئەمریکا هەر بەردەوامە. ئەم شەڕە بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار مرۆڤی بێ تاوانی یەمەنی و داکۆکیی ئەمریکا لە عەرەبستان لە شەڕی یەمەن، باروودۆخەکەی تەواو نالەبارتر کردووە.
راستیی ئێستای ناوچە باس لە شکست هێنانی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکلات لەمەڕ تەریک خستنەوەی ئێران و هەر لەبەر ئەوەیش جاروبار دەبینین کە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدەن سەرنج و تەرکیزی جیهانی لە سەر پرس و بابەتە سەرەکییەکان لادەن و بگەڕێننەوە بەرەو لای شاڵاوی ترساندن لە ئێران، بەڵام ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی جیهاندا لە ئاکامدا هەر دۆڕاو و سەرشۆڕ دەبن.