کانونی یه‌که‌م 31, 2018 18:53 Asia/Tehran
  • چوونەسەری ژماری پەناخوازان لە ساڵی٢٠١٨دا

کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری پەناخوازان ڕایگەیاند، ژماری پەناخوازانی جیهان، قەت تا بەو ڕادە زۆر نەبووە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیسنا؛ کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری پەناخوازان دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئێستا ٦٨ملوێن و ٥٠٠هەزار کەس لە جیهان لە شوێنی ژیانی خۆیان هەڵاتوون و ئاوارە بوون و ئەو ڕەوتە ڕوولەزیادبوونەش هەروا درێژەی دەبێ.

کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری پەناخوازان، ئەمساڵی زایینی(٢٠١٨) ی بە ساڵێکی زۆر دژوار و نائاسایی  زانی و وتی: لەو ساڵەدا دۆزینەوەی ڕێکارە سیاسیەکان بۆ زۆربەی قەیرانەکانی ئێستای جیهان نامومکین بوو.

کۆمەڵگای جیهانی لەپاڵ "یارمەتییە خێراکان بۆ پەناخوازان بەتایبەت لە وەرزی زستاندا" دەبێ ئاسۆیەک بۆ داهاتوو بخاتە بەردەستیان.

کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری پەناخوازان بەئاماژە بە قات و قڕی بەرفراوان لە یەمەن رایگەیاند؛ ئێستا بیست ملوێن کەس(سێ دوو)ی حەشیمەتی یەمەن، پێویستیان بە یارمەتییە خێرا جیهانییەکان هەیە.

ئەو ڕێکخراوە جیهانییە لەبارەی بارودۆخی سودانی باشوریش ڕایگەیاند، دوو ملوێن و ٢٠٠هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە لەشوێنی ژیانیان هەڵاتوون و ناچار بوون لەناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە نیشتەجێ بن.

سودانی باشووری، لە دیسەمبەری٢٠١٣وە بەرەوڕووی تێکهەڵچوونی نێوان هێزە حکومەتییەکان و هێزەکانی سەربە "ریک ماچار" سەرکردەی سەرهەڵداوانە. تێکهەڵچوونێک کەتائێستا کوژرانی هەزاران سەرباز و کەسانی سیڤیل و ئاوارەبوونی بەملوێنان کەسی لێکەوتووەتەوە.

سەرپەیڤ