دابەزینی دەنگەکانی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٠
ئەنجامی دوایین راپرسی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوویی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا پیشاندەری ئەوەیە کە زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەم وڵاتە دەنگ بە ترەمپ نادەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "هیڵ" سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەنجامی راپرسی هاوبەشی کەنالی "ئەی بی سی نیوز" و ڕۆژنامەی "واشینگتۆن پۆست" کە ڕۆژی دووشەممە بڵاو بوویەوە، پیشان دەدات کە ٥٥%ی خەڵکی ئەمریکا نایانهەوێ ترەمپ سەر لە نوێ هەڵبژێردرێتەوە.
هیڵ دەنووسێ: وێدەچی ئاستی خۆشەویستیی ترەمپ لە نێو خەڵکی ئەمریکا ڕووی لە داکشان ناوە؛ تا رادەیەک کە ئەنجامی ڕاپرسییەکی دیکەی واشینگتۆن پۆست و "ئەی بی سی نیوز" نیشانی داوە ٥٨%ی ئەمریکاییەکان بڕوایان وایە کە ترەمپ سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە بواری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ٢٠١٦ درۆی کردووە لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتی "ڕۆبێرت موولێر" لێپرسی تایبەت بە دۆسییەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی ئەمریکا، بەرەوڕووی ئەو مەترسییە بۆتەوە کە وەبەر لێپرسینەوە لە کۆنگرێس ببێتەوە.