ئەمریکا بەردەوامە لەسەر ناردنی کەرەستەو تفاقی سەربازی بۆ سووریا
سەرباری بانگەشەی ئەمریکا لە بارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەم وڵاتە لە ڕۆژئاوای ئاسیاو بەتایبەت سووریا، سەرچاوەکانی ڕۆژئاوا باسی بەھێزکرانی ھێزەکانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا دەکەن.
بنکەی ھەواڵدەریی میلیتاری تایمز ڕۆژی شەممە بە گێڕانەوە لە سەرکردایەتیی ناوەندیی ھێزی ئاسمانیی ئەمریکا نووسی: دەوڵەتی ترەمپ لە کاتێکدا بانگەشەی کشانەوەی ھێزەکانی لە ڕۆژئاوای ئاسیاو بەتایبەت سووریا دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ھاوپەیمانیی جیھانیی بەناو دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، لەچاو تەواوی ساڵانی ڕابردوو تەنانەت لەکاتی ئۆپراسیۆنی ڕزگار کردنی موسڵ و ڕەققە لە ساڵی ٢٠١٤ کەرەستەو تفاقێکی زیاتری ڕەوانەی عێراق و سووریا کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی میلیتاری تایمز ، سوپای ئەمریکا تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩ پتر لە٤٥٢ تەن کەرەستەو تفاقی لە ڕێگای فڕۆکەوە بۆ ناوچەگەلێکی وڵاتانی سووریاو عێراق ڕەوانە کردووە.
ئینجا لە ئەفغانستانیش دا کە پێنتاگۆن بانگەشە دەکات کوایە زیاتر لە دوو ھەزار چەکداری خۆی لەم وڵاتە کێشاوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٢٢ تەن چەک و تفاقی سەربازی و لۆجیستیکیی ڕەوانەی ئەفغانستان کردووە.
داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مانگی مای ڕابردوو لە گردبوونەوەیەکی ھەڵبژاردن دا لە ئیالەتی «مینە سوتا» دا وتی: بڕیار وا بوو ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کەم لە ئەفغانستاندا بمێنێتەوە، کەچی ئێستا ١٩ ساڵی ڕەبەقە کە لە ئەفغانستانداین و وابزانم کاتی ئەوە گەییشتاووە کە سەربازەکانمان ببەینەوە بۆ ماڵ.