کانونی دوھەم 22, 2020 18:41 Asia/Tehran
  • ھەڕەشەی ترەمپ لەمەڕ داسەپاندنی نرخنامە بەسەر ھاوردەی ترۆمبیلی ئەورووپی

سەرۆک کۆماری ئەمریکا وێڕای ھانابردن بۆ گۆپاڵی نرخنامە دژی ئەورووپا، ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەورووپییەکان ئەنجام نەگرێت، نرخنامە بەسەر ھاوردەی ترۆمبیلەکانیان دەسەپێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆگی جیھانیی ئابووری لە داڤووسی سوییسڕا وتی: ئێمە چاوەڕوانی سات و سەودا لەگەڵ ئەورووپا دەکەین، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت ئەوسا نرخنامەیەک بەسەر ترۆمبیلە ھاوردەکانیاندا دەسەپێنین.

ھەڕەشەی ترەمپ لەمەڕ داسەپاندنی نرخنامە بە سەر ناردەمەنییە گرینگەکانی ئەورووپاو بە تایبەت ترۆمبیل، بووەتە ھۆی کاردانەوەی توندی کاربەدەستان و کۆمپانیاکانی ئەورووپی. بەرلەمە ڕۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی ئەورووپی نووسی بووی: ترەمپ لە پەیامێکی ھەڕەشاوی دا ڕوو لە ئەورووپییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەوانە لە سیاسەتەکانی دژی ئێران پەیڕەوی نەکەن و میکانیزمی چارەسەریی بەرجام نەبوژێننەوە، ئەمریکا نرخنامەی لە سەدا بیست و پێنج بە سەر ھاوردەی ترۆمبیلەکانیان دەسەپێنێت.

دوابەدوای گوشارەکانی ترەمپ سێ وڵاتی ئەورووپیی بریتانیاو ئاڵمانیاو فەرەنسای ھەنوکە ئەندامی بەرجام لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک باسی چالاک کردنی میکانیزمی چارەسەریی ئەم ڕێککەوتنەیان کرد بوو.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: ئەگەر بێتو ئەورووپییەکان دۆسیەی ئێران بنێرنە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوسا کشانەوەی تاران لە پەیمانی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەکی ناڤۆکی «ئێن پی تی» لە ئاردا دەبێت.

سەرپەیڤ