دان پیادانانی ترەمپ لەمەڕ بەردەوام کردنی سیاسەتەکانی دوژمنکارانەی دژی ئێران
سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانی ساڵانەی خۆی دا لە کۆنگرەی ئەم وڵاتە دانی نا بە سەر تیرۆریزمی ئابووریی دەوڵەتەکەی و بەردەوام کردنی سیاسەتەکانی دوژمنکارانەی دژی ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «داناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە چوارەمی فڤریە لە سێھەمین لێدوانی ساڵانەو ئاراستە کردنی ڕاپۆرتی ڕەوشتی گشتیی ئەم وڵاتە لە کۆنگرێسی ئەمریکا، وێڕای دان نان بە دەرکردنی فەرمانی تیرۆریزمی ئابووری دژی جەماوەری ئێران و پشتگری کردن لەو ھەنگاوەی، ھەروەھا بەبێ سەرنجدانی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنە بەرجامییەکانی، داوای لە ئێران کرد کە خۆی وتەنی بە دووی چەک و چۆڵی ناڤۆکییەوە نەبێت.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سێھەمین وتاردانی ساڵانەی بانگەشەی کرد کە ئابووریی ئێران لە بەر بایکۆتەکانی وڵاتەکەی لاواز بووەو ھەر بۆیە لە ئێستادا ئەوان دەتوانن یارمەتیی ئێران بدەن ھەتا لە کورتەماوەدا ئاستی ئابوورییەکەی بەرز کاتەوە.
دەوڵەتی ئەمریکا لەپاش کشانەوەی لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بایکۆتەکانی دوژمنکارانەی خۆی دژی گەلی ئران بووژاندەوەو کۆمەڵێک بایکۆتی تازەشی لێ زیاد کرد.
ترەمپ وتوویەتی کە ئامانج لە داسەپاندنی ئەو بایکۆتانە گەڕاندنەوەی ئێرانە بۆ بەردەم مێزی وتووێژەکان بە مەبەستی گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی تازە لە بارەی پرسی ناڤۆکی و موشەکی و چالاکییە ناوچەییەکانی ئێرانەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەوە ئەمریکایە کە بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام مێزی وتووێژەکانی بەجێ ھێڵاوە، جەختی کردووە کە لەگەڵ واشێنگتۆندا وتووێژی دووبارە ناکات.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ترەمپ گەلێک جار لە لایەن ھاوپەیمانەکانیەوە لە بەر شکست ھێنانی سیاسەتەکانی لە ھەمبەر ئێراندا سەرکۆنەکراوە. داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای ٢٠١٨ وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند. ئەم گەمارۆیانە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ سێرەی بۆ گەلی ئێران گرتووەو ھەرچەشنە چەواشەکارییەکی ئەمریکییەکانیش لەم بوارەدا لە ڕاستی دا پەلەقاژەیە بۆ پاساودانی ئەو ھەنگاوە دزێوەی لەلای بیروڕای گشتیی جیھان.
ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە و زۆرێک لە وڵاتان لەوانە ڕووسیا، چین،ھیند، عێراق و تورکیا ڕایانگەیاندووە کە بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا دژی ئێران پەیڕەو ناکەن و لە سەر ئاڵو وێری بازرگانیی خۆیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن.