رەخنەی سەندرز و بایدن لە نالێوەشاوەیی ترامپ لەهەمبەر قەیرانی کۆرۆنا
دوو بەربژێری پێشەکیی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا ڕەخنەیان گرت لە ترامپ و حکومەتەکەی لەبەر چۆنیەتی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەو ناوبراویان بە نالێوەشاوەیی و نالێهاتوویی تۆمەتبار کرد.
دوابەدوای تەشەنای قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، "جۆ بایدن" و"بێرنی سەندرز" وتار ولێدوانی توندو بەگوڕیان لەدژ بەڕێوەبەرایەتی حکومەتی ترامپ هاوپێوەند بەو قەیرانە هێنایەئاراوە.
هاوکات لەگەڵ هاتنەئارای لێدوان و وتاردانی ئەو دوو بەربژێرەی قۆناخی پێشەکیی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، بازاڕەکان لەکاردانەوە بەو قەیرانە بەرەوڕووی ڕەوتێکی لەرزۆک بوونەو وەڵامدانەوەی حکومەتی ئەمریکاش بەرەوڕووی رەخنەوگازندەی بەربڵاو بووەتەوە.
سەندرز لەوتاردانەکەی وشداریی دا، لەوانەیە ڕێژەی قوربانیی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا تەنانەت لە ژماری سەربازانی کوژراوی ئەمریکی لەشەڕی دووهەمی جیهانیش زیاتر ببێ.
جۆ بایدنیش وتی: " ئەوەندەی ئەو قەیرانە بەکەم بایخ و ناگرینگ پێشان بدەین و لەڕادەبەدەر لەحاندیدا کەمتەرخەم بین و لەبارەیەوە زانیاری هەڵە بڵاو بکەینەوە، تەنیا زیان بەخۆمان دەگاو بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە پەرەدەسێنێ".
بایدن هەروەها وتی: " بێڵن با ڕاشکاوانە قسە بکەم. ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆگریی سیاسی نییە. ئەو ڤایرۆسە هەم کۆماریەکان، هەم سەربەخۆکان و هەم دیموکراتەکان وەک یەک تووش دەکا. ئەو ڤایرۆسە بەپێی ڕەسەنایەتی وڵاتێک، ڕەگەز، بەرەو یان کۆدی پۆستی ئەیالەتێک هەڵاواردن ناکا."
بایدن وتیشی: ئەو ڤایرۆسە زۆرباش کەم و کوڕیی بەرچاوی حکومەتی ئێستای ئەمریکای دەرخست.
جۆ بایدن، حکومەتی ترامپی تۆمەتبار کرد بە نالێوەشاوەیی و نالێهاتوویی لەهەمبەر ئەو قەیرانەداو وتی: "ئەو قەیرانە، جێی مەترسییە بۆ گیانی ژمارێکی زۆر لە خەڵکی وڵاتەکەمان."
تائێستا چل ویەک کەس لە ئەمریکا بەهۆی تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.