نیسان 15, 2020 17:20 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی کۆمەڵگای پزیشکیی ئەمریکا لە بڕیارەکەی ترەمپ دژی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی

بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ھەڵپەساردنی بوجەی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی بە تۆمەتی بێ توانایی لە بەڕێوەبەرایەتی کردنی تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ ڕەخنەی کۆمەڵگای پزیشکیی ئەم وڵاتەدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەمریکیی پۆلیتیکۆ، کۆمەڵگای پزیشکیی ئەمریکا (AMA) بەرامبەر بە بڕیارەکەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لەمەڕ ڕاگرتنی بارەبووی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی (WHO)  کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانەی لە خۆی پیشان دا.

کۆمەڵگای پزیشکیی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەم ھەنگاوەی ترەمپ ھەوڵی جیھانی بۆ بەرنگاربوونەوەی نەخۆشیی «کۆڤیدی_١٩»ی کە ھەتا ئێستا زیاتر لە دووملوێن کەسی لە ئاستی جیھاندا توش کردووەو ھێشتا ھیچ چارەسەری و یان کوتێنەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، توشی گێچەڵ دەکات.

«پاتڕیس ھەریس» سەرۆکی ئەنجومەنی پزیشکانی ئەمریکا داوای لە دەوڵەتی ترعمپ کرد کە بەم بڕیارەی دا بچێتەوە.

ھەریش وتیشی: خەباتی دژی نەخۆشییەکی گشتداگر پێویستی بە ھاوکاریی نێونەتەوەیی و پشت بەستن بە داتاو زانستە.

بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ کەم کردنەوەی بوجەی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی دوابەدوای چەندین حەوتە دەمھەراشی و بوختان کردنی ترەمپ دژی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە ڕاگەیەندرا.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەمڕۆ بارەبووی واشێنگتۆن بۆ ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانیی بەم بانگەشەیەی کە ئەم ڕێکخراوەیە لە بارەی تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لێنەھاتوو جوڵاوەتەوە، ھەڵپەسارد.

ئەم ھەنگاوەی ترەمپ کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە لەوانە ڕەخنەی ئانتۆنیۆگۆتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گۆتریش ڕاگیرانی بارەبووەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانیی بە پێچەوانەی ھەوڵدانی جیھان بۆ بەرنگار بوونەوەی تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا زانیوە.

سەرپەیڤ