حوزه‌یران 18, 2020 20:55 Asia/Tehran
  • ترەمپ بە دوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە خۆشاردنەوەکەی لە کاتی بشێوییەکاندا لەقاو داوە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە خۆشاردنەوەکەی لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی دژی ڕەگەزپەرەستی لە قاوداوە ھەتا بیخاتە بەر پەیگەڕی یاسایی.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بە گێڕانەوە لە سێ سەرچاوەی ئاگادار وای بڵاو کردووەتەوە کە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە کاربەدەستانی دەوڵەتەکەی وتووە، بە تەمایە ئەو کەسەی وا ئابڕووی پێوە نەھێڵاوەو ئەوەی لە قاوداوە کە لە ٢٩ی مای دا لە ڕەوتی سەرھەدانی دژی ڕەگەزپەرستی لە پێتەخت، خۆی لە حەشارگەیەک دا شاردووەتەوە، بڕۆزێتەوەو بە شێوەی یاسایی بیخاتە بەر پەیگەڕ.

لەم دواییەدا ئەوە ئاشکرا بووە کە ھاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕازییانی دژی ڕەگەزپەرستی لە بەردەم کۆشکی سپی،«داناڵدترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھاوڕێ لەگەڵ«ملانیا ترەمپ»ی خاتوونی یەکەم و «بارۆن ترەمپ»ی کوڕی ھانایان بردووە بۆ ژێرخانێک و وەک باسی دەکرێت نزیکەی کاژێرێک لەوێ خۆیانیان مت داوە.

ترەمپ سێھەمی ژوئەن حاشای لەوە کرد بوو کە لەو حەشارگەیەدا خۆی شاردبێتەوەو بە کەناڵی فەکس نیوزی وتبوو کە: ئەم ھەواڵەی کە من لە ترسی گیانم لە حەشارگەیەک دا خۆم شاردبێتەوە ، درۆیە. کەچی «ڤیلیام بار» وەزیری دادی ئەمریکا ئەم بانگەشەیەی ترەمپی بەرەوڕووی دڕدۆنگی کردەوەو لە ھەشتەمی ژوئەن دا لە وتووێژێکدا لەگەڵ فەکس نیوز ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ترەمپ و بنەماڵەکەی بە پێشنیاری دەزگاکانی ئاسایشت، ھانای بۆ حەشارگەیەک بردووە.

شارە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکاو سەرتاسەری ئەورووپا لە سێ حەوتە لەمەوبەرەوە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی دژی ڕەگەز پەرەستین.

سەرپەیڤ