کاردانەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکەی ئێران و ئاژانسی ناڤۆکی
یاریدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی کاردانەوەی لەخۆی پیشان دا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ھیلگا شمید» ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە وێڕای ئاماژە کردن بە سەردانەکەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بۆ تاران و ڕێککەوتن لە سەر چارەسەریی پرسی ھاوپەیوەند بە چاودێری لە توییتێردا نووسی: یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆڵی بێ لایەن و سەربەخۆی ئاژانس دڵنیایە.
کۆماری ئیسلامی و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی گەشتە دوو ڕۆژەکەی «ڕافائێل گروسی» بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بۆ تاران و ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی، بەیاننامەیەکی ھاوبەشیان دەرکرد.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، ئێران بەشێوەی خۆبەخش ماوەی دەستڕاگەییشتن بەو دوو شوێنە دەدات کە ئاژانس داوای دەکات و بەستێن بۆ چالاکیی تاقیکردنەوەی ئاژانس بەمەبەستی چارەسەریی کێشەکان خۆش دەکات، ھەر لەم پەیوەندییەدا لە سەر بەروارەکانی دەستڕاگەییشتنی ئاژانس و چالاکییەکانی تاقیکردنەوەی ڕێککەوتن کراوە.
لە بەیاننامەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دا ھەروەھا ھاتووە،بە سەرنجدانی ئەو زانیارییانەی کە لە بەردەستی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دایە، ئەم دامەزراوەیە ھیچ پرسیارێکی دیکەی لە ئێران و ھیچ داخوازییەکیشی بۆ دەستڕاگەییشتن بە زیاتر لەو شوێنانەی کە بە ھۆی ئێرانەوەو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و پاشکۆکان دیاریکراون، نییە.