ئاب 29, 2020 23:51 Asia/Tehran
  • یەکێتیی ئەوروپا سوورە لەسەر سزادانی تورکیا

یەکێتیی ئەوروپا مانگی داهاتوو تاووتوێی سزادانی تورکیا دەکات، لە ئەگەری ئەوەی ئەو وڵاتە نەیەوێت ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ یۆنان کەمبکاتەوە.

 

 

جۆزیف بۆریل، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، ئەو لیستی سزایەی بۆ سزادانی تورکیا ئامادە کراوە، لە 24ی سێبتەمبەری ئەمساڵ جێبەجێکردنی تاووتوێ دەکرێت لە ئەگەری ئەوەی تورکیا نەیەوێت ئالۆزییەکانی لەگەڵ یۆنان کەمبکاتەوە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سزاکان تیشک دەخەنەسەر ئەو کارانەی تورکیا کە نایاسایین، سزاکانیش چەند کەس و کەشتییەکی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج، تەنانەت ڕەنگە بەکارهێنانی بەندەرەکانی ئەوروپاش لە ئەنقەرە قەدەغە بکرێت.

لە وردەکاری سزاکاندا، جۆزیف بۆریل ڕایگەیاندووە، "دەتوانین چەند ڕێوشێونێک دژ بە چالاکییە ئابورییەکانی تورکیا بگرینە بەر، چونکە ئابوری تورکیا گرێدراوی ئابوری ئەوروپایە".

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ یانس ستوڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەنجامداوە و ڕایگەیاندووە، "تورکیا لایەنگری چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە لە ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی، کە بە قازانجی ھەموو وڵاتان بێت".

سەرپەیڤ