ئه‌یلوول 07, 2020 17:22 Asia/Tehran
  • یۆنان هێزی ئەمنی و سەربازی ڕەوانەی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات

یۆنان ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلول هێزی سەربازی و ئەمنی خۆی ڕەوانەی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا کرد، بەهۆی ئەگەری شەپۆلی دووەمی کۆچی پەنابەران لەو وڵاتەوە.

ئاتێن ترسی هەیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کارتی پەنابەران وەک سەرچاوەی فشار بۆ سەر یۆنان و ئەوروپا بەکاربهێنێت، لە سایەی ئەو ناکۆکییەی لەنێوان هەردوو وڵات لە ئاوە هەرێمایەتیەکانی نێوانیان لە ئارادایە.

ئەو هێزە نوێیەی لەلایەن یۆنانەوە ڕەوانەی سنور کراوە پێکدێت لە هەزار پۆلیس و 150 کارمەندی هێزی تایبەت و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێری ئاسمانی و 10 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و پێنج بەلەم.

هەروەک لەلایەن دەسەڵاتدارێتی ئەسیناوە لەسەر سنوری تورکیا 15 کامێرا کە بە تیشکی ژێر سور کاردەکەن دانراوە، لەپێناو زامنکردنی چاودێری لە شەودا بۆ ڕێگری لە هەر دزەکردنێکی سنور لەلایەن پەنابەرانەوە.

لە ساڵی 2015 تورکیا دەرگای سنورەکانی بەڕووی پەنابەرانی وڵاتەکەی بە ئاراستەی یۆنان و ئەوروپا واڵاکرد و ئەمەشی وەک کارتێک بۆ ناچارکردنی ئەو وڵاتانە لە هاوکاریکردنی وڵاتەکەی بەکارهێنا.

ساڵی ڕابردووش دەسەڵاتدارێتی ئەنقەرە دەرگای سنورەکانی واڵاکرد، بەڵام لەلایەن یۆنان و بەشێکی تر لە وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕێگری لە ڕوودانی شەپۆلی هاوشێوەی ڕابردوو کرا.

سەرپەیڤ