ئه‌یلوول 09, 2020 13:49 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕوو لە ئەردوغان: بژاردەکانی بەردەممان کەم نین و تۆش باش ئەمە دەزانیت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی ئەورووپا سەپاندنی سزای تازە بە سەر تورکیادا تاوتوێ دەکەین، ھەڵبەت دیارە بژاردەکانی بەردەممان کەم نین و ئەردوغانیش باش ئەوە دەزانێت.

«جان ئیف لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئیزگەی « فرانس ئینتەر»ی فەرەنسی باسی  گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنانی کردو پێی داگرت: ئەو پرسە دەکەین بە بابەتی سەرەکیی کۆبووەنەوەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی ئەورووپا کە وابڕیارە لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت.

«لۆدریان» جەختی لەوەش کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی دا لەگەڵ هاوتا ئەوروپاییەکانی گفتوگۆ لەبارەی ئەو سزایانە دەکات، کە ئەنجوومەنەکە دەبێ بەسەر تورکیای دا بیسەپێنێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها داواشی لەلایەنە ناکۆکەکان کرد کە ھەتا رۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە لەبارەی پرسی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست دەست بە دانوستان بکەن .

«جان ئیف لۆدریان» باسی شێوازی ئەو سزایانەی نەکرد کە لە کۆبوونەوەکەدا بۆ سەپاندنیان بەسەر تورکیادا گفتوگۆی لە سەر دەکرێت، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە زنجیرەیەک سزای چڕوپڕ چاوەڕێی ئانکارا دەکەن.

وەزیری دەرەوەی  فەرەنسا روونیشی کردەوە کە، ھەڵبەت ھەلی ئەوەش  بۆ دەوڵەتی تورکیا دەڕەخسێنن کە ھۆگریی خۆی بۆ دەستکردن بە دانوستان و هێورکردنەوەی پرسەکە پیشان بدات ، جا ئەگەر ئەو ھەلەی قۆستەوە ئەوسا دەکرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ قسە لەسەر هەموو کێشەکان بکرێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دوابەشی وتەکانی دا پەنجەی خستە سەر «ڕەجەب تەیب ئەردوغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیاش و وتی: بە دڵنیاییەوە بژاردەکانی بەردەممان کەم نین و ئەویش باش ئەوە دەزانێت.

سەرپەیڤ