ئه‌یلوول 12, 2020 10:06 Asia/Tehran
  • یونامی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی گفتوگۆکانی بەغداد و هەولێرە

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) ڕایگەیاند ، پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی هاوسەنگ و دەشڵێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی گفتوگۆکانی بەغداد و هەولێرە.

 

جینین هینس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاند، یۆنامی پشتیوانی سەروەری عێراق و هەوڵەکانی حکومەت دەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتانی جیهان.

پلاسخارت لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) وتیشی، "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەڕێی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە چەندین بۆنەدا پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق لەڕووی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و هاوکاری ئاوارە و پەنابەران و گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی پەرەپێدان و پتەوکردنی دیموکراسیەت و، بەهەمان شێوە پشتیوانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و هەولێر نیشانداوە".

دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاسپێردراوە بە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و پشتیوانی هونەری بۆ دامەزراوە نیشتیمانییەکانی عێراق.

ئەوەشی وت، "حکومەت پێویستی بە پشتیوانی هێزە سیاسیەکانە لە ئەنجومەنی نوێنەران و هێزەکانی دەرەوەی پەرلەمانیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەهیوایە کە حکومەت و هێزە سیاسیەکان هەماهەنگی بکەن بۆ هێنانەدی ئەو مەبەستە".

پلاسخارت ڕوونیشیکردەوە، "گەندەڵی گەورەترین کێشەیە کە ڕووبەڕووی حکومەت و عێراق دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی بەهەدەردانە ئابورییەکەی گەورەیە و زیان بە پێویستییەکانی عێراقییەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانەی وەبەرهێنەران".

ڕونیشیکردەوە، حکومەت چاکسازی ئابوری و دارایی کردوەتە پێشینە، بەهۆی پێویستی لە بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی ڕووناکتر بۆ عێراقییەکان.

 

سەرپەیڤ