ترۆئیکای ئوروپایی : هەر هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێران بێ کاریگەریی یاساییە
بریتانیا و ئاڵمان و فەڕەنسە بۆ جارێکی دیکە هەوڵی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی رێکخراوی نەتەوەکان لە دژی ئێرانیان رەتکردەوە .
بریتانیا و ئاڵمان و فەڕەنسە رۆژی هەینی لە نامەیەک دا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەکان وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەڵپەساردنی بایکۆتەکانی ئێران دوای رێککەوتی 20 ی سپتامبر هەروا درێژەی دەبێت جەختیانکردەوە ، هەرچەشنە بڕیارێک یان هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێران بێ کاریگەریی یاساییە .
وڵاتانی ئاڵمان و فەڕەنسە و بریتانیا لەم نامەیەدا جەختیانکردەوە ، پێبەندی رێککەوتنی ناڤۆکین .
ئەمریکا سەرباری کشانەوەی لە رێککەوتنی ناڤۆکی دەیهەوێ لە میکانیزمی ناسراو بە گەڕانەوەی ئۆماتیکی بایکۆتەکان لە دژی ئێران کەڵک وەرگرێ کە تەنیا بۆ ئەندامانی رێککەوتنی ناڤۆکی رێگاپێدراوە و ئەمریکا بۆینیە لەم میکانیزمە کەڵکوەرگرێ .