ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتە 31 ملیۆن کەس
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە دنیادا لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ یەکشەم 20ی ئەیلوول 31 ملیۆن کەسی تێپەڕاند.
بەگوێرەی وۆڕڵد مێتێرز لە دنیادا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتووەتە 31 ملیۆن و دوو هەزار و 707 کەس، لەو ژمارەیەش 961 هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە و 22 ملیۆن کەسیش چاک بوونەتەوە.
لە ناو وڵاتانی دنیا ئەمەریکا بە شەش ملیۆن و 967 هەزار کەسی تووشبووی کۆرۆنا و سەرووی 203 هەزار قوربانی لە ریزبەندی یەکەمدا دێت.
هیندستان بە پێنج ملیۆن و 400 هەزار کەس لە ریزبەندی دووەم و بەڕازیلیش بە چوار ملیۆن و 528 هەزار کەس لە ریزبەندی سێیەمدا دێت.
لە ژمارەی قوربانیان دوای ئەمەریکا بەرازیل دێت کە سەرووی 136 هەزار کەسی بەهۆی کۆرۆنا مردوون، دوای ئەویش هیندستان، مەکسیک و بەریتانیا دێن.
لە عێراق 315 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و هەشت هەزار و 491 کەسیش گیانیان لە دەست داوە. عێراق لە 17مینی ریزبەندی وڵاتان هەڵکەوتووە.
لە هەرێمی کوردستان سەرووی 40 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و هەزار و 495 کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکە گیانیان لە دەستداوە.