دەرەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ، سەرکەوتنی «ترەمپ» لە چوار ویلایەت بە ٣٣ دەنگی ئلێکتراڵەوە
دەرەنجامی بەرایی پەنجاونۆھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا دەربڕی سەرکەوتنی «دۆناڵد ترەمپ»ی پاڵێوراوی کۆماریخوازانە لە ویلایەتەکانی ئیندیانا، کنتاکی، کارۆلینای باشووری و ڤیرجینیای ڕۆژئاوا و ھەتا ئەم ساتە توانیویەتی ٣٣ دەنگی ئلێکتراڵ لەم ویلایەتانە بەدەست بێنێ.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی ئەمریکا،«بایدێن»یش ھەتا ئەم کاتە دەنگی ویلایەتەکانی «ڤێرمۆنت»و «ڤیرجینیا»ی بە خۆی تەرخان داوەو لەم ویلایەتانەدا سەرکەوتوو بووە. «بایدێن» ھەتا ئێستا ١٦ دەنگی ئلێکتراڵی دەست خستووە.
ھێشتا چارەنووسی ویلایەتە دیاریکەرەکان لەوانە فلۆریدا ڕوون نەبووەتەوە. ئەو چوار ویلایەتەی کە «ترەمپ» تیایاندا سەرکەوتووە ھەر لە پێش داش بارودۆخیان ھەتا ڕادەیەکی زۆر ڕوون بوو، ھەر بۆیە ناشێ بکرێنە پێوەرێکی ڕێک و پێک بۆ پێش بینی کردنی دەرەنجامی یەکجاریی ھەڵبژاردنەکە.
پەنجاونۆھەمین خولی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە سێھەمی نوامبەر لە کاتی خۆجێیی ئەمریکا دەستی پێ کرا.
بە پێی ڕێژە بڵاوکراوەکان ھەتا ئەم چرکەیە لەم خولەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا، ١٠١ ملوێن و ١٦٧ ھەزارو ٧٤٠ کەس دەنگی خۆیان بەرلە کاتی دیاریکراو لە سندوقەکان کردووە. ٣٥ ملوێن و ٩٢٣ ھەزارو ٥٣ کەسیان بە شێوەی بەشداریی ڕاستەوخۆو ٦٥ ملوێن و ٢٤٤ ھەزارو ٦٨٧ کەسیش بەشێوەی پۆستی لە ھەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کردووەو ھێشتا دەنگەکانی بەرلەکاتی دیاریکراوی ٢٦ ملوێن و ٨٥٨ ھەزارو ١٢٦ کەس نەگەڕاونەتەوە.
گەرچی ھێشتا ڕێژەیەکی دیاری لە بەشدارانی ھەڵبژاردنەکەی ئەمریکا بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام پێش بینی دەکرێت کە لە چاو ململانێکانی ڕابردوو لە ئاستێکی باڵاتردا بێت.