تشرینی دووه‌م 06, 2020 21:22 Asia/Tehran
  • پلوسی: بایدێن سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئەمریکایە

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی ھەینی وتی: بایدێن سەرکەوتنێکی مێژوویی دەست کەوتووەو بە ناوی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی جەماوەری ئەمریکاوە بەم زووانە سەرکەوتنی خۆی ڕادەگەیەنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، نانسی پلوسی لە پرێس کۆنفرانسێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە لەپێشەوە بوونی «جۆ بایدێن» لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا وتیشی: بایدێن سیمایەکی یەکێتی بەخشە کە ھەموو خەڵکی یەکانگیر کردو لە دەوری یەک خڕی کردنەوە.

ماوبراو وێڕای ئاماژە کردن بەو پتر لە ٧٠ ملوێن دەنگەی کە بە قازانجی بایدێن کراوەتە سندوقەکانەوە، وتیشی: بایدێن ژمارەیەکی مێژوویی دەنگی مسۆگەر کردووە، بەڵام جارێ دەبێ پشوودرێژ بین و بڕوامان بە خۆمان ھەبێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەربە پارتی دیموکراتە، وتیشی: بە کۆتایی ھاتنی ھەڵبژاردن، دەبێ ھەگبەی یارمەتیی دراڤی بۆ خەباتی دژی کۆرۆنا پەسەند بکرێت.

وتەکانی پلوسی لە کاتێکدایە کە ژماردنی دەنگەکان لە چەند ویلایەتی ھەستیاردا ھەروا بەردەوامەو سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە بانگەشەی ساختەکاری و گزی کرانی بەربڵاو لە ڕەوتی دەنگوەرگرتن و ژماردنی دەنگەکان دا، ناڕەزامەندی دەربڕیوە.

دیموکراتەکان و زۆرێک لە سەرکردەکانی کۆماریخوازانیش ناڕەزامەندیی ترەمپ بە بێ ناوەڕۆک دەزانن.

سەرپەیڤ